گرنگترین دوعای ڕۆژانە
عبدالرحیم عبداللطیف أمین
دەرچووی بەشی زانستە ئیسلامیەکان/ زانکۆی سلێمانی، خاوەنی دەفتەری تەفسیری قورئان

دووعاکردن چەکی ئیماندارە ئەم دووعایە ڕۆژانە بخوێنە بە ئامانجی ژیانی دلخۆشکەرتر و بەختەوەرتر گەر هەموو دووعاکانیش نەخوێنیت بەشێکی لێ دیاریبکە و بیکە بە ویردی سەرزمانت و خوێندنی لە یاد مەکە
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
خودایە، داوات لێدەکەم بەو ڕەحمەتەت کە هەموو شتێکی گرتۆتەوە، بەو هێزەت کە هەموو شتێکت پێ ملکەچ کردووە، بەو گەورەیی و شکۆیەت کە هیچ شتێک بەرگەی ناگرێت، بەو زانیارییەت کە هەموو جیهانی دەورە داوە و بەو نوورەی ڕووت کە هەموو شتێکی ڕووناک کردۆتەوە.
ئەی پاک و بێگەرد، ئەی یەکەمی یەکەمینەکان و کۆتایی کۆتاییەکان. خوایە، لەو گوناهانەم خۆشبە کە پەردەی داپۆشینی عەیبەکانی مرۆڤ لادەدەن، لەو گوناهانەم خۆشبە کە سزا و بەڵا دێننە خوار، لەو گوناهانەم خۆشبە کە نیعمەتەکانت بەسەرمەوە دەگۆڕن بۆ بەڵا و موسیبەت، لەو گوناهانەم خۆشبە کە ڕێگری لە قبوڵبوونی نزا دەکەن و ئەوانەی کە مرۆڤ تووشی دڵتەنگیم دەکەن. خوایە، لە هەموو ئەو هەڵە و گوناهانەم خۆشبە کە کردوومن.
خوایە، من بە یادی تۆ لە تۆ نزیک دەبمەوە و تۆ دەکەمە تکاکار لای خۆت. لێت دەپارێمەوە بە بەخشندەیی خۆت نزیکم بخەیتەوە، سوپاسگوزاریی خۆتم پێ ببەخشیت و یادی خۆتم بخەیتە دڵ. خوایە، وەک عەبدێکی ملکەچ و دڵشکاو داوات لێدەکەم کە لێم خۆش بیت و بەزەییت پێمدا بێتەوە، وا بکەیت بەو بەشەی بۆت داناوم ڕازی بم و لە هەموو حاڵەتێکدا سادە و خۆبەکەمزان بم.
خوایە، من زۆر لێقەوماوم. هاتوومەتە لای تۆ، لە کاتی تەنگانەدا تەنیا هانام بۆ تۆ هێناوە. خوایە، گەورەیی و دەسەڵاتی تۆ زۆر بڵندە، پلانەکانت نادیارن و فەرمانت دیارە، قەدەری تۆ هەمیشە سەردەکەوێت و کەس ناتوانێت لە دەسەڵاتی تۆ ڕابکات.
خوایە، جگە لە تۆ کەسێک شک نابەم کە لە گوناهەکانم خۆشبێت و عەیبەکانم دابپۆشێت، کارە خراپەکانم بۆ بگۆڕێت بە باشە. هیچ خوایەک نییە جگە لە تۆ، پاکی و بێگەردی بۆ تۆیە و ستایشت دەکەم بەوەی کە تۆ شایستەییت؛ من زوڵمم لە خۆم کرد و بەهۆی نەزانییەوە بوێریم کرد سەرپیچیت بکەم، بەڵام هیوام بە چاکە و میهرەبانیی دێرینی تۆیە بۆم.
خوایە، ئەی گەورەی من، چەندین کاری ناشیرینم هەبوو کە تۆ داتپۆشین، چەندین بەڵای گەورە هەبوون کە تۆ دوورت خستنەوە لێم، خوایە گیان چەندین ستایشی جوان کە شایەنی نەبووم، تۆداتە پاڵم و لە ناو خەڵکدا بۆت بڵاو کردمەوە.
خوایە، بەڵاکانم گەورەن و بارودۆخم زۆر خراپە، عیبادەتەکانم کەم و کورتن و زنجیری ئارەزووەکانم دەست و پێیان بەستوومەتەوە، دوورکەوتنەوە لە تۆ بێبەشی کردووم لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆم، دنیا بە فێڵەکانی و نەفسیشم بە خیانەتەکانی فریویان دام.
ئەی خودای من، بە شکۆی خۆت سوێندت دەدەم بەهۆی خراپیی کارەکانمەوە چاکەی خۆتم لێ مەشارەوە. بەو نهێنییانەی کە لێم دەزانیت ڕیسوام مەکە و پەلە مەکە لە سزادانم لەبەر ئەو کارە خراپ و بێئاگایی و ئارەزووانەی کە لە تەنیاییدا کردوومن.
خوایە، بە گەورەیی خۆت، لە هەموو کاتێکدا لەگەڵم بەزەیی بنوێنە و لە هەموو کارێکدا میهرەبان بە لەگەڵم. خوای من و پەروەردگاری من، کێم هەیە جگە لە تۆ کە داوای لێ بکەم ناخۆشییەکانم لابەرێت و سەیری بارودۆخم بکات و کارم ئاسان بکات
خوای من، تۆ فەرمانت پێکردم بەڵام من شوێنی ئارەزووی نەفسم کەوتم، شەیتان فریوی دام و منیش کەوتمە ناو هەڵەوە، من سنوورەکانتم بەزاند. خوای من تۆ لە هەموو حاڵەتێکدا شایەنی سوپاسیت، من هیچ بەڵگەیەکم نییە بەرامبەر بڕیار و تاقیکردنەوەی تۆ. ئێستا هاتوومەتە لای تۆ، پاش ئەوەی کەمتەرخەم بووم و زوڵمم لە خۆم کرد، بە داوای لێبووردن و پەشیمانی و دڵشکاوییەوە هاتووم.
هیچ شوێنێکم نییە بۆی ڕابکەم و هیچ پەناگەیەکم نییە جگە لەوەی تۆ داوای لێبووردنەکەم قبوڵ بکەیت و بمخەیتە ژێر سێبەری ڕەحمەتی خۆتەوە. خوایە، عوزرم لێ وەرگرە و بەزەییت بەم حاڵە پەرێشانەمدا بێتەوە و لە زنجیری گوناهەکانم ڕزگارم بکە.
ئەی پەروەردگارلە دایک و باوکم و خيزان و بنەماڵەکەم خۆشبە و ڕەحمیان پێ بکە مناڵەکانم سەرکەوتوو و سەرفرازی دین و دنیا بکە بە گەورەی خۆت ومیهرەبانی خۆت دەورەیان بدە و لەە بەڵا و موسیبەت بیان پاريزە
ئەی پەروەردگار، بەزەییت بە لاوازیی جەستەم و ناسکیی پێستم و وردیی ئێسکەکانمدا بێتەوە. ئەی ئەوەی کە دروستی کردووم و پەروەردەی کردووم، بەو بەخشندەییەی کە لە سەرەتاوە پێت دابووم، ئێستاش لێم خۆشبە.
ئەی گەورە و پەروەردگارم،تۆ گەورەتری لەوەی کەسێک کە خۆت پەروەردەت کردووە وێڵی بکەیت، یان ئەوەی کە نزیکت کردۆتەوە دەری بکەیت، یان ئەوەی پەنات داوە ڕەوانەی ناو بەڵای بکەیت.
خۆزگە بمانزانیایە، ئەی گەورە و خوای من، ئایا تۆ ئاگر دەخەیتە سەر ئەو دەموچاوانەی کە بۆ گەورەیی تۆ سوژدەیان بردووە؟ یان ئەو زمانانەی کە بە ڕاستگۆیی باسی یەکتاپەرستیی تۆیان کردووە؟ یان ئەو دڵانەی کە بە دڵنیاییەوە دانیان بە خوایەتیی تۆدا ناوە؟
ئێمە گومانمان بە تۆ وا نییە و لەبارەی فەزڵی تۆوە ئاوامان پێ نەگەیشتووە ئەی خودای بەخشندە. تۆ دەزانیت کە من چەند لاوازم بەرامبەر کەمێک لە بەڵا و ناخۆشییەکانی ئەم دنیایە، کە تەنیا ماوەیەکی کورت دەمێننەوە. ئەی چۆن دەتوانم بەرگەی بەڵای قیامەت بگرم کە ماوەکەی زۆر درێژە ؟ ئەوە شتێکە کە ئاسمان و زەوی بەرگەی ناگرن.
ئەی گەورەی من، من بەندەیەکی لاواز و بچووک و هەژار و لێقەوماوی تۆم. سکاڵای چ شتێکت بۆ بهێنم و بۆ کامەیان بگریم؟ بۆ ئازاری سزاکە یان بۆ درێژخایەنیی بەڵاکە؟
خوایە گیان ئەگەر منت خستە دۆزەخەوە و لە خۆشەویستەکانت جودات کردمەوە، ، وا دابنێ لەسەر ئازاری ئاگرەکەت ئارام دەگرم، بەڵام چۆن دەتوانم لەسەر دووریی تۆ ئارام بگرم؟ چۆن دەتوانم لە ئاگردا بمێنمەوە لە کاتێکدا هیوام بە لێبووردنی تۆیە؟
ئایا دەکرێت دەنگی بەندەیەکی بڕوادارت ببیستیت کە بەهۆی گوناهەکانییەوە زیندانی کراوە، لە کاتێکدا ئەو هێشتا هاوار دەکات و داوای ڕەحمەتی تۆ دەکات؟ چۆن دەبێت لە ناو سزادا بمێنێتەوە لە کاتێکدا ئاگای لە میهرەبانیی بێ سنوری تۆیە؟ چۆن ئاگر ئازاری بدات لە کاتێکدا ئەو هیوای بە فەزڵ و بەزەیی تۆیە؟
هەرگیز گومانمان بە تۆ وا نییە، و ئەمە ناچێتەوە سەر ئەو چاکەیەی کە لەگەڵ بڕواداران کردووتە. ئەگەر فەرمانی تۆ نەبوایە بۆ سزادانی بێبڕواکان، تۆ ئاگرت دەکردە سارد و سەلامەت بۆ هەمووان. بەڵام تۆ سوێندت خواردووە کە دۆزەخ لە کافرەکان پڕ بکەیت.
خوایە، لێت دەپاڕێمەوە بەو هێزەی کە هەتە و بەو بڕیارەی کە داوتە، کە لەم شەو و لەم کاتەدا لە هەموو ئەو گوناهانەم خۆشبیت کە کردوومن، هەموو ئەو خراپە و نەزانییانەی کە بە نهێنی یان بە ئاشکرا ئەنجامم داون.
خوایە، بەشێکی زۆرم پێ ببەخشە لە هەر خێرێک کە دای دەبەزێنیت، یان هەر ڕزق و ڕۆزییەک کە بڵاوی دەکەیتەوە، یان هەر گوناهێک کە دای دەپۆشیت ئەی پەروەردگار.
ئەی خوای من و گەورەی من، ئەی ئەوەی چارەنووسم لە دەست تۆدایە و ئاگات لە هەژاری و لێقەوماوییم هەیە. داوات لێدەکەم بەو ناوانەت، کە کاتەکانم لە شەو و ڕۆژدا بە یادی تۆ ئاوەدان بێت و کارەکانم لای تۆ قبوڵ بێت، تاوەکو هەموو ژیانم ببێتە یەک ئاڕاستە لە خزمەتی تۆدا.
ئەی گەورەی من، کە تەنیا پشتم بە تۆ بەستووە و سکاڵای حاڵم بۆ تۆ دەهێنم. هێز بدە بە جەستەم بۆ خزمەتی خۆت و ئیرادەم بەهێز بکە. وا بکە هەمیشە لە تۆ بترسم و بەردەوام بم لە پەیوەندی لەگەڵ تۆدا. تاوەکو لە گۆڕەپانی پێشبڕکێکاراندا بەرەو ڕووی چاکەی تۆ ڕابکەم.
خوایە، هەرکەسێک خراپەی بۆ من دەوێت تۆ سزای بدە، و هەرکەسێک فێڵم لێ دەکات فێڵی لێ بکەرەوە. من بکە بە یەکێک لە باشترین بەندەکانت و نزیکترینیان لە خۆت، چونکە ئەمە بە بێ فەزڵی تۆ بەدەست نایەت.
بە بەخشندەیی خۆت یارمەتیم بدە و بە ڕەحمەتی خۆت بمپارێزە. وا بکە زمانم هەمیشە یادی تۆ بکات و دڵم زیندو بێت بە یادی تۆ. نزا کەم قبوڵ بکە و لە هەڵەکانم خۆشبە، چونکە تۆ خۆت فەرمانت پێکردووین دوعا بکەین و بەڵێنت داوە کە وەڵاممان دەدەیتەوە.
ئەی پەروەردگار، ڕووم لە تۆیە و دەستم بۆ تۆ درێژ دەکەم. بە گەورەیی خۆت نزاکەم قبوڵ بکە و بە ئاواتەکانم بگەیەنە، هیوا بڕاوم مەکە و لە شەڕی جنۆکە و مرۆڤ و دوژمنەکانم بمانپارێزە.
لەو کەسە خۆشبە کە جگە لە نزا هیچیتری لە دەست نایەت، چونکە تۆ هەرچییەکت بوێت دەیکەیت. ئەی ئەوەی ناوی دەرمانە و یادی شیفایە و گوێڕایەڵبوونی دەوڵەمەندییە، بەزەییت بەو کەسەدا بێتەوە کە سەرمایەکەی تەنیا هیوایە بە تۆ و چەکەکەشی گریانە. لەبەردەم شکۆمەندیت
ئەی بەخشەری نیعمەتەکان و دوورخەرەوەی ناخۆشییەکان، ئەی نووری ئەو کەسانەی لە تاریکیدا تەنیان، ئەی زانایەک کە پێویستت بە فێربوون نییە، ، و چۆن شایەنی گەورەیی خۆتە ئاوا ڕەفتارمان لەگەڵ بکە. وصل الله وسلم على نبينا محمد وآله ومن تبعهم بإحسان ليوم الدين
دەربارەی نوسەر

عبدالرحیم عبداللطیف أمین
دەرچووی بەشی زانستە ئیسلامیەکان/ زانکۆی سلێمانی، خاوەنی دەفتەری تەفسیری قورئان
