چ عیبادەتێک بکەین لە نۆمینەی حاجیان؟

6 خولەک
73
عبدالرحیم عبداللطیف أمین

عبدالرحیم عبداللطیف أمین

دەرچووی بەشی زانستە ئیسلامیەکان/ زانکۆی سلێمانی، خاوەنی دەفتەری تەفسیری قورئان

چ عیبادەتێک بکەین لە نۆمینەی حاجیان؟

هەندێ لەو کار و کردەوە چاکانەی کە پێویستە موسوڵمان ئاگاداریان بێ لە دە ڕۆژی یەکەمی مانگی ( ذي الحجة ) ـەدا:

یەکەم : ڕۆژوو گرتن:
سوننەتە بۆ موسوڵمان نۆی مانگی(ذي الحجةبەڕۆژوو بێت ؛ چونکە پێغەمبەر  زۆر جەختی لەسەر کردەوەی چاکە کردووەتەوە ، بێگومان ڕۆژووش یەکێکە لەباشترین کردەوە چاکەکان
وە خوای پەروەردگار ڕۆژووی تایبەت کردووە بەخۆیەوە هەر وەک لەفەرموودەیەکی قودسی دا هاتووت : خوای گەورە فەرموویەتی(كل عمل بني آدم له إلا الصيام فإنه لي وأنا أجزي به [أخرجه البخاري 1805].
واتە: هەموو کردەوەیەکی نەوەی ئادەم بۆ خۆیەتی جگە لەڕۆژوو ، ڕۆژوو بۆ منە وخۆم پاداشتی دەدەمەوە.

وە پێغەمبەر  بەڕۆژوو دەبوو ، هەروەک هونەیدەی کوڕی خالید لەخێزانەکەیەوە ئەویش لەهەندێ لەخێزانەکانی پێغەمبەرەوە  گێڕاویەتیەوە ودەڵێت :(( كان النبي ﷺ  يصوم تسع ذي الحجة ويوم عاشوراء وثلاثة أيام من كل شهر)) . أخرجه النسائي 4/205 وأبو داود وصححه الألباني في صحيح أبي داود 2/462 .
واتە: واتە : پێغەمبەری خوا () نۆ ڕۆژەكەی مانگی حاجیان بە ڕۆژوو دەبوو ، وەهەروەها ڕۆژی عاشوڕاو سێ ڕۆژ لەهەموو مانگێک .

دووەم : ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە بە تایبەت :
سوننەت وایە بۆ ئەو كەسانەی كە نەڕۆیشتوون بۆ حەج و لە عەرەفەدا نین و لە ماڵدان كەوا بە تایبەت لە ڕۆژی عەرەفەدا (9 / ذو الـحجە) بە ڕۆژوو بن ، چونكە پێغەمبەر ( ) فەرموویەتی : ((صِيَامُ يَوْمِ عَرَفَةَ أَحْتَسِبُ عَلَى اللَّهِ أَنْ يُكَفِّرَ السَّنَةَ الَّتِي قَبْلَهُ وَالسَّنَةَ الَّتِي بَعْدَهُ))
واتە : ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە چاوەڕوانم كە خوا بیكاتە مایەی كەفارەت و سڕینەوە و لێخۆشبوونی تاوانی ساڵێك لە پێشییهوە و ساڵێكیش لە پاشییەوە (واتە : ببێتە كەفارەتی تاوانی دوو ساڵ) .

سێیەم :  "الله ٲکبر" کردن :
لەو دە ڕۆژە سوننەتە (الله ٲکبر)،و (الحمد لله، و( لا ٳله ٳلا الله) و )سبحان اللهبکرێت ، ودەنگ بەو زیکرانە بەرز بکرێتەوە لەمزگەوت و ڕێگاوبان وهەموو ئەو جێگایانەی کەدروستە ناوی خودای تێدا بهێندرێت .
پیاو دەنگ بەرز دەکاتەوە بەڵام ئافرەت دەنگ نزم دەکاتەوە ، خوای پەروەردگار فەرموویەتی :  [وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَعْلُومَاتٍ][الـحج]
واتە : زیكری خوا بكەن لە ڕۆژە زانراوەكاندا (كە بریتین لە دە ڕۆژی یەكەمی مانگی جاجیان) .

جمهوری زانایان لەسەر ئەوەن کە مەبەست لە (الأيام المعلومات) ئەم دەڕۆژەیە ، هەروەک لەعبداللەی کوڕی عەباسەوە هاتووت کەگوتوویەتی( الأيام المعلومات : أيام العشر ) .
واته: ڕۆژە زانراوەکان: بریتین لەدە ڕۆژەکە.

شێوازی زیکرەکە بەم شێوەیە دەبێت : ( الله أكبر ، الله أكبر لا إله إلا الله ، والله أكبر ولله الحمد، وەچەند شێوازێکی تریش هەن
لەم سەردەمەدا دەنگ بەرز کردنەوە بەو زیکرانە شتێکی نامۆیە وخەڵک لەبیریان کردووە بەتایبەت لەدە ڕۆژی مانگی (ذي الججە)دا ، بۆیە پێویستە دەنگ بەرز بکرێتەوە ، لەعبداللەی کوڕی عومەر وئەبو هورەیرەوە هاتووە خوا لێیان ڕازێ بێت لەو دەڕۆژەدا دەچوون بۆ بازاڕ و دەنگی بەو زیکرانە بەرز دەکردەوە وخەڵکیش لەدوایانەوە دەنگیان پێ بەرز دەکردەوە ، مەبەستەکە لێرەدا ئەوەیە هەر کەسەو بۆخۆی دەنگ بەرز دەکاتەوە بەو زیکرانە نەک بەکۆمەڵ وجەماعی وپێکەوە ئەو زیکرانە بکەن ، ئەمەیان دروست نی یە .

بێگومان زیندو کردنەوەی سوننەتێک کەخەریکە لەنێو بچێت پاداشتێکی گەرەی هەیە ، هەر وەک پێغەمبەر   (من أحيا سنة من سنتي قد أميتت بعدي فإن له من الأجر مثل من عمل بها من غير أن ينقص من أجورهم شيئاً ) أخرجه الترمذي 7/443 وهو حديث حسن لشواهده .
واتە: هه‌ركه‌سێك سوننه‌تێك له‌ سوننه‌ته‌كانم زیندوو بكاته‌وه‌ كه‌ پاش من مردبێ ئه‌وه‌ هاو شێوەی پاداشتی ئه‌وه كه‌سه‌ی بۆ هه‌یه‌ كه‌ كاری پێ ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك له‌ پاداشتی ئه‌وانیش كه‌م ببێته‌وه‌.

چوارەم : ئەنجام دانی حەج وعومرە:
یەکێکە لەگەورەترین کارەکان کەلەم ڕۆژانەدا ئەنجام دەدرێن حەج کردنی ماڵی خودایە ، هەرکەسێک خودا یارمەتی دابێت بۆ چوون بۆ حەج وجێ بەجێ کردنی فەرز و واجباتەکانی ئەوا ٳن شاء اللە بەر ئەو فەرموودەیەیی پێغەمبەر  دەکەوێت : (الحج المبرور ليس له جزاء إلا الجنة) .
واتە: حەجێکی وەرگیراو هیچ پاداشتێکی نی یە جگە لەبەهەشت.

پێنجەم : نوێژ كردن : بەوەی كە زوو بچیت بۆ نوێژە جەماعەتەكان و پەلە و پێشبڕكێ بكەیت بۆ ڕیزی یەكەم ، هەروەها ئەنجامدانی نوێژە سوننەتەكانی پێش و پاشی نوێژە فەرزەكان و شەونوێژ و زوحا و سوننەتی دەستنوێژ ، هەروەها دەشتوانیت نوێژی (سوننەتی ڕەها / التطوع الـمطلق) زۆر بكەیت ، وە پێغەمبەری خوا ( ) فەرموویەتی :((عَلَيْكَ بِكَثْرَةِ السُّجُودِ لِلَّهِ ، فَإِنَّكَ لاَ تَسْجُدُ لِلَّهِ سَـجْدَةً إِلاَّ رَفَعَـكَ اللَّهُ بِهَا دَرَجَةً ، وَحَطَّ عَنْكَ بِهَا خَطِيئَةً))
واتە : زۆر سوجدە ببە بۆ خوا ، چونكە تۆ یەك سوجدە نابەیت بۆ خوا ئیللا خوای گەورە بە هۆی ئەو سوجدەیەوە پلەیەك بەرزت دەكـاتەوە و تاوانێـكـیشت لەسەر لا دەبات .

شەشەم : قوربانی کردن :
یەکێکی تر لەکارە خێر وچاکەکان لەم دەڕۆژەدا ئەوەیە ئاژەڵێک سەرببڕدرێت وبکرێت بەقوربانی .

حەوتەم : قورئان خوێندن :

 قورئان خوێندن لە هەموو كاتێكدا سوننەتە و خێر و پاداشتی زۆر و گەورەیە :

عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ مَسْعُودٍ (رضي الله عنه) قَالَ : قَالَ رَسُولُ اللَّهِ ( ): ((مَنْ قَرَأَ حَرْفَاً مِنْ كِتَابِ اللَّهِ فَلَهُ بِهِ حَسَنَةٌ ، وَالْحَسَنَةُ بِعَشْرِ أَمْثَالِهَا ، لَا أَقُولُ : [الم] حَرْفٌ ، وَلَكِنْ أَلِفٌ حَرْفٌ وَلاَمٌ حَرْفٌ وَمِيمٌ حَرْفٌ))  صحيح سنن الترمذي رقم : (2910) .
واتە : هەركەسێك پیتێك لە قورئان بخوێنێتەوە ئەوا بە خوێندنەوەی تەنها ئەو پێتە چاكەیەكی بۆ هەیە ، وە چاكەش یەك بە دەیە ، ناڵێم : [الم] پیتێكە ، بەڵكو (أَلِفْ) پیتێكە و (لام)یش پیتێكە و (مِیم)یش پیتێكە .
بەڵام ئەم خێر و پاداشتەی قورئان خوێندن ـ لەو دە ڕۆژەدا ـ زۆرتر و گەورەترە لە ڕۆژەكانی تری ساڵ ، كەواتە باشتر وایە موسڵمان لەم دە ڕۆژەدا زیاتر لە ڕۆژەكانی تر قورئان بخوێنێت .

هەشتەم : خۆ ئامادە كردن بۆ قوربانی ئەنجامدان :
ئەگەر كەسێك ویستی وا بوو قوربانی بكات ئەوا حەرامە لە تووكی هەموو لاشەی و نینۆكەكانی لابەرێت یان لـێی بقرتێنێت و كەمی كاتەوە ، لە سەرەتای مانگی حاجییانەوە (ذو الحجە) تاوەكو قوربانییەكەی سەردەبڕێت .
عَنْ أُمِّ سَلَمَةَ (رضي الله عنها ) أَنَّ النَّبِيَّ ( ) قَالَ : ((إذَا دَخَلَتْ الْعَشْرُ وَأَرَادَ أَحَدُكُمْ أَنْ يُضَحِّيَ فَلا يَـمَسُّ مِنْ شَعْرِهِ وَبَشَرِهِ شَيْئًا))
واتە: ئەگەر دە ڕۆژی یەكەمی مانگی جاجیان (ذو الحجە) هات ، وە كەسێك لە ئێوە ویستی هەبوو قوربانی بكات ، ئەوا با هیچ لە تووك و پێستی نەكاتەوە .
وفـي رواية : ((فَلاَ يَأْخُذَنَّ شَعْرَاً وَلاَ يَقْلِمَنَّ ظُفُرَاً)) ..
واتە : با نە لە تووكی لا بەرێت و نە نینۆكی بقرتێنێت .
 هەندێك لە زانایان ئەم فەرموودەیە دەكەنە بەڵگە لەسەر ئەوەی هەركەسێك ویستی هەبوو قوربانی بكات ئەوا حەرامە لەسەری هیچ لە تووك و نینۆكی لابەرێت هەتا قوربانی دەكات لە كاتی سەربڕینی قوربانیدا دوای ئەنجام دانی نوێژی جەژن .

نۆیەم : بەگشتی زۆر ئەنجام دانی کاری چاکە وخێر  : 
چونکە کاری خێر لەم ڕۆژانەدا زیاتر خۆشەویستە بەلای خوداوە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت پاداشتێکی گەورەی هەیە.

جا هەر کەسێک بۆی نەکرا بچێت بۆ حەج ئەوا با ئەو کاتانە بەزیکر ویادی خودا وقورئان خوێندن ونوێژ کردن وچاک بوون لەگەڵ دایک وباوک وخێر وسەدەقە وفەرمان کردن بەچاکە وڕێگری کردن لەخراپە ، و باقی عیبادەتەکانی تر بەسەر ببات .

دەیەم : تەوبەیەکی ڕاستگۆیانە :
وەهەروەها یەکێکی تر لە کارە خێر وچاکەکان کە لەم دەڕۆژەدا ئەنجام بدرێت ئەوەیە : مرۆڤی موسوڵمان تەوبە بکات ودوور کەوێتەوە لەتاوان وسەرپێچی خودا ، و سوور بێ لەسەر ئەوەى جارێکی تر نەگەڕێتەوە سەری .

دەربارەی نوسەر

عبدالرحیم عبداللطیف أمین

عبدالرحیم عبداللطیف أمین

دەرچووی بەشی زانستە ئیسلامیەکان/ زانکۆی سلێمانی، خاوەنی دەفتەری تەفسیری قورئان

بابەتی هاوشێوە

چ عیبادەتێک بکەین لە نۆمینەی حاجیان؟ | کەناڵی ئامۆژگاری