فریشتەکان بناسە

60 خولەک
148
عبدالرحیم عبداللطیف أمین

عبدالرحیم عبداللطیف أمین

دەرچووی بەشی زانستە ئیسلامیەکان/ زانکۆی سلێمانی، خاوەنی دەفتەری تەفسیری قورئان

فریشتەکان بناسە

ئەم فایلەی بەردەستت پەرتووکێکی ئایینییە بە زمانی کوردی (سۆرانی) لەژێر ناونیشانی "جیهانی فریشتەکان"، کە لە لایەن "کەناڵی ئاسمانی ئامۆژگاری" ئامادە کراوە. ئەم پەرتووکە باس لە یەکێک لە ڕوکنەکانی ئیمان دەکات کە ئەویش "باوەڕهێنانە بە فریشتەکان".

  

جیهانی فریشته‌کان

 

ناوەڕۆک

 

(1)ئایه فریشته‌کان له چی دروست کراون؟.

(2) شێوه‌ی فریشته‌کان..

فریشته‌کان دروستکراوانێکی باڵدارن..

فریشته‌کان زۆرجوان و ڕازاوه‌ن..

(3) فریشته‌کان وه‌سف ناکرێن به نێر یان به مێ..

فریشته‌کان ناخۆن و ناخۆنه‌وه.

(4) فریشته‌کان بە توانان و ماندوو نابن..

شوێنی فریشته‌کان..

(5) ژماره‌ی فریشته‌کان..

ناوی فریشته‌کان..

(6) مردنی فریشته‌کان..

(7) ره‌وشتی فریشته‌کان..

فریشته‌کان دروستکراوانێکی رێزدارن..

شه‌رم و حه‌یای فریشته‌کان..

(8) توانای فریشته‌کان..

(9) خێرایی فریشته‌کان..

زانستی فریشته‌کان..

(10) رێک و پێکی فریشته‌کان له‌کار و بار و عیباده‌تیان..

(11) پارێزراوی فریشته‌کان له گوناه و تاوان..

(12) عیباده‌تی فریشته‌کان..

(13) پرسیاری فریشته‌کان له حیکمه‌تی دروست کردنی مرۆڤ....

سوجده بردنی فریشته‌کان بۆ ئاده‌م له دوای دروست بوونی..

(14) سه‌لامی ئاده‌م –علیه السلام- له فریشته‌کان..

شوشتن و ناشتنی ته‌رمی ئاده‌م –علیه السلام – له لایه‌ن فریشته‌کان..

(15) ڕۆڵی فریشته‌کان له کاتی دروست بوونی مرۆڤه‌کان له‌ناو ڕەحمی دایکیان..

پارێزگاری فریشته‌کان له مرۆڤه‌کان..

(١٦) دابه‌زینی فریشته‌کان بۆ لای قورئان خوێنان..

(17) هه‌موو مرۆڤێک فریشته‌یه‌کی لەگەڵه هانی ده‌دات بۆ خێر و چاکه..

(18) فریشته‌کان هه‌موو کرده‌وه‌کانی مرۆڤ ده‌نووسن و تۆماری ده‌که‌ن..

(19) تاقیکردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان له ‌لایه‌ن فریشته‌کان..

(20) گیان کێشانی مرۆڤه‌کان لە لایه‌ن فریشته‌کان..

فریشته‌کان له ڕوخسار و پشتی بێ باوەڕان ده‌ده‌ن له کاتی سه‌ره‌مه‌رگیاندا

فریشته‌کان مژده‌ی به‌هه‌شت به باوەڕدران ده‌ده‌ن له کاتی سه‌ره مه‌رگیاندا

پێغه‌مبه‌ر موسی –علیه السلام – چاوی فریشته‌ی گیان کێشان ده‌ته‌قێنێت...

(21) خۆشه‌ویستی فریشته‌کان بۆ باوەڕداران..

فریشته‌کان دوعا بۆ باوەڕداڕان ده‌که‌ن و سەڵاواتیان لە سەر ده‌ده‌ن..

فریشته‌کان دوعا بۆ زانا و بانگخوازان ده‌که‌ن..

فریشته‌کان دوعا بۆ ئەو کەسانە ده‌که‌ن که چاوەڕوانی نوێژی به‌کۆمەڵ ده‌که‌ن..

فریشته‌کان دوعا بۆ ئه‌و که‌سانه ده‌که‌ن که له ڕیزی پێشه‌وه‌ی نوێژی به‌کۆمەڵن..

فریشته‌کان دوعا بۆ ئەو کەسانە ده‌که‌ن که‌لێنی ڕیزی نوێژه‌کان پڕ ده‌که‌نه‌وه.

(22) فریشته‌کان دوعا ده‌که‌ن بۆ ئەو کەسانەی پارشێو ده‌که‌ن..

فریشته‌کان سەڵاوات ده‌ده‌ن لە سەر ئەو کەسانەی سەڵاوات ده‌ده‌ن لە سەر پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ).

فریشته‌کان داوای لێخۆشبوون بۆ ئەو کەسانە ده‌که‌ن که سه‌ردانی نه‌خۆشه‌کان ده‌که‌ن..

فریشته‌کان ئامین ده‌که‌ن کاتێک موسڵمانێک به ‌نهێنی دوعا بۆ برا موسڵمانه‌که‌ی ده‌کات...

(23) فریشته‌کان داوای لێخۆشبوون ده‌که‌ن بۆ باوەڕداران..

(24) ئاماده‌بوونی فریشته‌کان له مه‌جلیسی زانست و زیکر..

(25) فریشته‌کان ناوی ئەو کەسانە تۆمار ده‌که‌ن که دێن بۆ نوێژی هه‌ینی.

هاتنی فریشته‌کان به‌نۆره له‌شه‌و و ڕۆژدا

دابه‌زینی فریشته‌کان بۆ لای قورئان خوێنه‌کان..

(26) به‌شداری کردنی فریشته‌کان لەگەڵ باوەڕداران له‌جه‌نگ و جیهاددا

(27) فریشته‌کان پاسه‌وانیان له پێغه‌مبه‌ری خودا ده‌کرد (ﷺ).

ئاماده‌بوونی فریشته‌کان لە کاتی ناشتنی ته‌رمی باوەڕداران..

فریشته‌کان به باڵه‌کانیان سێبه‌ر له‌ که‌سی شه‌هید ده‌که‌ن..

(28) فریشته‌کان سندوقی که‌لوپه‌لی بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر موسا و هارونیان هێنا بۆ به‌نی ئیسرائیلیه‌کان..

فریشته‌کان پاسه‌وانی له‌شاری مه‌ککه و مه‌دینه ده‌که‌ن لە کاتی هاتنی ده‌ججال..

(29) دابه‌زینی پێغه‌مبه‌ر عیسی –علیه السلام – به‌ هاوەڵێتی دوو له‌فریشته‌کان..

پاداشتی هاوکاتبوونی ئامینی نوێژخوێن لەگەڵ ئامینی فریشته‌کان..

(30) فریشته‌ی ره‌حمه‌ت ناچن بۆ هه‌ندێک شوێن و هه‌ندێک ماڵ..

(31) نه‌هی کردن له‌ تف کردن ڕووه و قیبله یان به ‌لای راست له‌ناو نوێژدا

خۆشویستنی فریشته‌کان به‌بێ جیاوازی..

(32) له‌ناوبردنی بێ باوەڕانی قه‌ومی لوط –علیه السلام -  لە لایه‌ن فریشته‌کان..

 

(1)ئایه فریشته‌کان له چی دروست کراون؟

پێغه‌مبه‌ری خودا () فەرموویەتی: (خُلِقَتِ المَلائِكَةُ مِن نُورٍ، وخُلِقَ الجانُّ مِن مارِجٍ مِن نارٍ، وخُلِقَ آدَمُ ممَّا وُصِفَ لَکُمْ). صحیح مسلم.

واتە: فریشتەکان لە نوور - ڕووناکی - دروستکراون، وە جنۆکەکان لە بڵێسەی ئاگر دروستکراون، وە ئادەم لەوە دروستکراوە کە بۆتان وەسف کراوە و باسکراوە کە خۆڵە.

لەم فەرموودەیەدا پێغەمبەری خودا ﷺ باسی بنچینەی دروستبوونی فریشتە و جنۆکە و مرۆڤ دەکات، وە بەڵگەیەکی دیار و ئاشکرایە لەسەر گەورەیی هێز و دەسەڵاتی خودای پەروەردگار.

پێغەمبەری خودا ﷺ هەواڵمان پێدەدات کە فریشتەکان لە نوور - ڕووناکی - دروست کراون، بۆیە هەموویان چاک و باشن و سەرپێچی فەرمانەکانی خودای پەروەردگار ناکەن، بە شەو و بە ڕۆژ بە بێ ماندووبوون زیکر و تەسبیحاتی خودای پەروەردگار دەکەن، هەیانە نێردراوی پەروەردگارە بۆ لای پێغەمبەران علیهم السلام وەک جبریل علیە السلام، وە هەندێکیان هەڵگری عەڕشی خودای پەروەردگارن، وە هەندێکیان نووسەری کردەوەی مرۆڤەکانن، وە هەندێکیان تایبەتن بە رۆح کێشان، وە هەندێکیان تایبەتن بە باو باران، وە هەیانە تایبەتە بە فووکردن بە سوور، وە هەیانە تایبەتە بە چیاکان، وە زۆر جۆری تر، گشت ئەمانە بەڵگەی قورئان و فەرموودەی صحیحی لە بارەوە هاتووە.

بینینی فریشتەکان:

فریشتەکان بە هۆی ئەوەی لە نوور دروستکراون مرۆڤەکان توانای بینینیان نییە، خودای پەروەردگار ئەو توانایەی بەمرۆڤەکان نەبەخشیوە کە بتوانن فریشتەکان ببینن.

هیچ کەسێک لە ئوممەتی ئیسلام فریشتەی لەسەر شێوەی خۆی نەبینیوە تەنها پێغەمبەری خودا نەبێت (ﷺ)، دووجار فریشتە جبرئیلی بینیوە لەسەر ئەو شێوەیەی کە خودای پەروەردگار دروستی کردووە.

بەڵام مرۆڤەکان فریشتەیان لەسەر شێوەی مرۆڤ بینیوە و دەتوانن لەسەر شێوەی مرۆڤ بیانبینن و بەڵگەی صحیحی لە بارەوە هاتووە.

(2) شێوه‌ی فریشته‌کان

فریشته‌کان دروستکراوانێکی باڵدارن

هه‌ندێکیان دوو باڵیان هه‌یه، وه هه‌ندێکیان سێ باڵیان هه‌یه، وه هه‌ندێکیان چوار باڵیان هه‌یه، وه هه‌ندێکیان زیاتر.

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (الْحَمْدُ لِلَّهِ فَاطِرِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ جَاعِلِ الْمَلَائِكَةِ رُسُلًا أُولِي أَجْنِحَةٍ مَثْنَىٰ وَثُلَاثَ وَرُبَاعَ ۚ يَزِيدُ فِي الْخَلْقِ مَا يَشَاءُ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ ) . فاطر : 1 .

 واته: سوپاس و ستایش بۆ خودایه، که به‌دیهێنه‌ری ئاسمانه‌کان و زه‌ویه، فریشته‌کانی کردووه به نێردراوی خۆی که خاوه‌نی چه‌نده‌ها باڵن، هه‌یانه دوو، یان سێ، یان چوار باڵه، له دروستکردندا هه‌رچی بوێت زیادی ده‌کات، بە ڕاستی خودا دەسەڵاتی بە سەر هه‌موو شتێکدا هه‌یه.

فریشته‌کان زۆرجوان و ڕازاوه‌ن

خودای په‌روه‌ردگار فریشته‌کانی دروستکردووه به‌شێوه‌یه‌کی جوان و ڕازاوه، ده‌رباره‌ی فریشته جبریل فەرموویەتی: (عَلَّمَهُ شَدِيدُ الْقُوَىٰ. ذُو مِرَّةٍ فَاسْتَوَىٰ). النجم: 5-6

له‌ته‌فسیری وشه‌ی (ذُو مِرَّةٍ)

 عبدالله ی کوڕی عه‌باس (ڕەزای خودای لێبێت) فەرموویەتی: خاوه‌ن شێوه و دیمه‌نێکی جوان.

 وه قه‌تاده فەرموویەتی: خاوه‌ن باڵایه‌کی به‌رز و جوان.

 وه وتراوه به‌مانای خاوه‌ن هێزیش دێت.

 بێگومان هه‌موو ماناکان له‌خۆ ده‌گرێت لەگەڵ ئه‌وه‌ی خاوه‌ن هێز و خاوه‌ن جوانی و ڕازاوه‌ییشه.

له‌ناو مرۆڤه‌کان باوه که‌سی جوان به‌فریشته وه‌سف ده‌که‌ن، وه که‌سی ناشرین به‌شه‌یتان وه‌سف ده‌که‌ن.

ئافره‌ته‌کانی میصر ده‌رباره‌ی پێغه‌مبه‌ر یوسف (علیه السلام) وتویانه: (فَلَمَّا سَمِعَتْ بِمَكْرِهِنَّ أَرْسَلَتْ إِلَيْهِنَّ وَأَعْتَدَتْ لَهُنَّ مُتَّكَأً وَآتَتْ کُلَّ وَاحِدَةٍ مِنْهُنَّ سِكِّينًا وَقَالَتِ اخْرُجْ عَلَيْهِنَّ ۖ فَلَمَّا رَأَيْنَهُ أَكْبَرْنَهُ وَقَطَّعْنَ أَيْدِيَهُنَّ وَقُلْنَ حَاشَ لِلَّهِ مَا هَٰذَا بَشَرًا إِنْ هَٰذَا إِلَّا مَلَكٌ كَرِيمٌ ). یوسف : 31

 

 واته: جا کاتێک ژنه‌که‌ی عه‌زیزی میسر توانج و پلاره‌که‌ی ئه‌وانی بیست، ئه‌ویش ناردی به شوێنیاندا و جێگه‌یه‌کی خۆشی بۆ ئاماده کردن، چه‌قۆشی دایه ده‌ستی هه‌ر یه‌که‌یان، ئینجا فه‌رمانیدا به یوسف و وتی: ئاده‌ی وه‌ره ده‌ره‌وه بۆ لایان (با بتبینن) و جا کاتێک بینیان به گه‌وره و گرنگیان زانی و به بێ ئاگایی ده‌ستی خۆیان بڕی وتیشیان: پاکی و بێگه‌ردی و دووری له هه‌موو ناته‌واویه‌ک شایسته‌ی خودایه که ئه‌مه‌ی دروست کردووه! ئه‌مه به‌شه‌ر نیه، ته‌نها فریشته‌یه‌کی جوان و بەڕێزه و هیچی تر نیه.

 

(3) فریشته‌کان وه‌سف ناکرێن به نێر یان به مێ

موشریکه عه‌ره‌به‌کان باوەڕیان وابوو که فریشته‌کان مێینه بن  و کچی خودابن!

خودای په‌روه‌ردگار له قورئانی پیرۆزدا وەڵامی داونه‌ته‌وه که ئه‌م قسه‌یه ڕاست نیه و هیچ بەڵگە‌یه‌کیان به‌ده‌سته‌وه نییه.

وه سه‌یر له‌وه‌یه کچ ده‌ده‌نه پاڵ خودا له کاتێکدا خۆیان رقیان له کچه‌کانیان بوو، کاتێک یه‌کێکیان هه‌واڵی له‌دایک بوونی کچیکیان پێ ده‌درا خه‌فه‌ت دایده‌گرت و روخساری ره‌ش هەڵدەگەڕا به‌هۆی ئه‌و هه‌واڵه ناخۆشه‌ی پێیدراوه!

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (فَاسْتَفْتِهِمْ أَلِرَبِّكَ الْبَنَاتُ وَلَهُمُ الْبَنُونَ. أَمْ خَلَقْنَا الْمَلَائِكَةَ إِنَاثًا وَهُمْ شَاهِدُونَ. أَلَا إِنَّهُمْ مِنْ إِفْكِهِمْ لَیَقُولُونَ . وَلَدَ اللَّهُ وَإِنَّهُمْ لَکَاذِبُونَ . أَصْطَفَى الْبَنَاتِ عَلَى الْبَنِينَ. مَا لَکُمْ کَیْفَ تَحْكُمُونَ . أَفَلَا تَذَكَّرُونَ . أَمْ لَکُمْ سُلْطَانٌ مُبِينٌ). الصافات: 149 – 156

واته: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر پرسیاریان لێ بکه: ئایا ڕاسته! که کچان شایسته‌ی په‌روه‌ردگارت بن و کوڕان شایسته‌ی خۆیان بێت؟!

ئایا مه‌گه‌ر فریشته‌کانمان به مێینه درووست کردووه و له‌و کاته‌دا ئه‌وان له‌وێ بوون؟!

ئاگادار بن!! بە ڕاستی ئه‌وانه هه‌ندێک له درۆ و بوختانیان ئه‌وه‌یه که دەڵێن: خودا منداڵی بووه!! بە ڕاستی و بێگومان ئه‌وانه زۆر درۆزنن.

ئایا مه‌گه‌ر کچانی هەڵبژاردووه که بیکات به نه‌وه‌ی خۆی وه ڕێزی داون بە سەر کوڕاندا؟!!

ئایا چیتانه و چۆن بڕیاری بێ بەڵگە‌ی وا ده‌ده‌ن.

ئایا بیرێک ناکه‌نه‌وه؟ (له‌م قسه بێ سه‌روبنانه؟! له‌م تۆمه‌ته ناماقوڵانه؟!)

ئایا مه‌گه‌ر بەڵگە و شتێکی به‌هێز و ئاشکراتان به‌ده‌سته‌وه‌یه (بۆ ئه‌م قسه ناڕاستانه).

 

 

فریشته‌کان ناخۆن و ناخۆنه‌وه

بێگومان فریشته‌کان پێویستیان به خواردن و خواردنه‌وه نییه، خودای په‌روه‌ردگار له قورئانی پیرۆزدا ده‌رباره‌ی ئه‌م فریشتانه‌ی لە سەر شێوه‌ی مرۆڤ چوونه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم (علیه السلام) فەرموویەتی: (هَلْ أَتَاكَ حَدِيثُ ضَیْفِ إِبْرَاهِيمَ الْمُكْرَمِينَ . إِذْ دَخَلُوا عَلَيْهِ فَقَالُوا سَلَامًا ۖ قَالَ سَلَامٌ قَوْمٌ مُنْكَرُونَ. فَرَاغَ إِلَىٰ أَهْلِهِ فَجَاءَ بِعِجْلٍ سَمِينٍ. فَقَرَّبَهُ إِلَيْهِمْ قَالَ أَلَا تَأْكُلُونَ. فَأَوْجَسَ مِنْهُمْ خِیفَةً ۖ قَالُوا لَا تَخَفْ ۖ وَبَشَّرُوهُ بِغُلَامٍ عَلِيمٍ  ) . الذاريات : 24-28

واته:  ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (ﷺ) ئایا هه‌واڵی میوانه بەڕێزه‌کانی ئیبراهیمت پێنه‌گه‌یشتووه‌؟

کاتێک چوون بۆ سه‌ردانی و وتیان: سڵاو، ئه‌ویش وتی، سڵاو له‌ئێوه‌ش بێت، هه‌رچه‌نده ناتانناسم.

ئه‌وسا ئیتر خۆی دزیه‌وه چوو به هاوکاری خێزانی گوێره‌که‌یه‌کی قهڵه‌وی (سه‌ربڕی و سووریانکرده‌وه) و هێنای.

بردی و لێی نزیک کردنه‌وه، فه‌رمووی لێکردن که بینی ناخۆن، وتی: ئه‌وه نافه‌رموون، ئه‌وه ناخۆن؟!

ئه‌وسا لێیان ترسا، وتیان مه‌ترسه (ئێمه فریشته‌ی خوداین) وه مزگێنیان پێدا به کوڕێکی دانا (که ئیسحاق) ە.

پێشه‌وا سیوتی –ره‌حمه‌تی خودای لێبێت – له ئیمامی فه‌خری رازی نه‌قلی کردووه که فەرموویەتی: زانایان کۆ ده‌نگن که فریشته‌کان ناخۆن وه ناخۆنه‌وه، وه هاوسه‌رگیری و جووت بوون له‌نێوانیاندا نییه.

  

(4) فریشته‌کان بە توانان و ماندوو نابن

فریشته‌کان به‌ردوام له گۆڕایەڵی خودای په‌روه‌ردگاردان و فه‌رمانه‌کانی جێ به‌جێ ده‌که‌ن، به بێ ماندووبوون و که‌م ته‌رخه‌می.

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (یُسَبِّحُونَ اللَّيْلَ وَالنَّهَارَ لَا یَفْتُرُونَ). الأنبیاء: 20

واته‌: شه‌وو ڕۆژ ته‌سبیحات و ستایش ده‌که‌ن ماندوو نابن و سارد نابنه‌وه.

وه فەرموویەتی: (فَإِنِ اسْتَكْبَرُوا فَالَّذِينَ عِنْدَ رَبِّكَ یُسَبِّحُونَ لَهُ بِاللَّيْلِ وَالنَّهَارِ وَهُمْ لَا یَسْأَمُونَ ۩). فصلت: 38 .

واته‌: جا ئه‌گه‌ر خۆیان به‌گه‌وره زانی (من بپه‌رستن) ده‌ی ئه‌وانه‌ی لای په‌روه‌ردگارتن (فریشته‌کان) به شه‌و و به ڕۆژ عیباده‌تی ئه‌و ده‌که‌ن و ماندو بێزار نابن.

شوێنی فریشته‌کان

فریشته‌کان له‌ئاسمانن وه لە لای خودای په‌روه‌ردگارن، وه داده‌به‌زن بۆ سه‌رزه‌وی و به‌رز ده‌بنه‌وه به‌ره و ئاسمان.

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (تَکَادُ السَّمَاوَاتُ یَتَفَطَّرْنَ مِنْ فَوْقِهِنَّ ۚ وَالْمَلَائِكَةُ يُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ وَيَسْتَغْفِرُونَ لِمَنْ فِي الْأَرْضِ  أَلَا إِنَّ اللَّهَ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ ). الشوری : 5

واته: نزیکه ئاسمانه‌کان پارچه پارچه ببن له سه‌رویانه‌وه، وه فریشته‌کان به پاکی یاد و سوپاسی په‌روه‌ردگاریان ده‌که‌ن، وه داوای لێخۆشبوون ده‌که‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی له زه‌وی دان، ئاگاداربن که بێگومان ته‌نها خودا لێبورده‌ی میهره‌بانه.

وه فەرموویەتی: (فَإِنِ اسْتَكْبَرُوا فَالَّذِينَ عِنْدَ رَبِّكَ یُسَبِّحُونَ لَهُ بِاللَّيْلِ وَالنَّهَارِ وَهُمْ لَا یَسْأَمُونَ ۩). فصلت: 38

واته: جا ئه‌گه‌ر خۆیان به‌گه‌وره زانی (من بپه‌رستن) ده‌ی ئه‌وانه‌ی لای په‌روه‌ردگارتن (فریشته‌کان) به‌شه‌و و بە ڕۆژ عیباده‌تی ئه‌و ده‌که‌ن و ماندوو وەڕەز نابن.

وه داده‌به‌زن بۆ سه‌رزه‌وی و په‌روه‌ردگار ده‌رباره‌یان فەرموویەتی: (تَنَزَّلُ الْمَلَائِكَةُ وَالرُّوحُ فِیهَا بِإِذْنِ رَبِّهِمْ مِنْ کُلِّ أَمْرٍ). القدر: 4

واته: له‌و شه‌وه‌دا – له‌شه‌وی قه‌در - فریشته و جیبرییلیش  له ناویاندا دێنه خواره‌وه به‌ فه‌رمانی په‌روه‌ردگاریان به‌ جۆره‌ها فرمان و کار.

 

(5) ژماره‌ی فریشته‌کان

ژماره‌ی فریشته‌کان گه‌لێک زۆره، ته‌نها خودای په‌روه‌ردگار ده‌زانێت ژماره‌یان چه‌نده.

په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (وَمَا یَعْلَمُ جُنُودَ رَبِّكَ إِلَّا هُوَ). المدثر: 31

واته: که‌س ژماره‌ی سه‌ربازانی خودا نازانێت ته‌نها الله نه‌بێت.

وه لە فەرموودە‌ی صحیحیدا هاتووه پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) له شه‌وی ئیسرا و میعراج کاتێک ده‌گات به (بیت المعمور) به جبریل دەڵێت ئه‌وه چییه؟ ئه‌ویش له‌وەڵامدا پێی ده‌فه‌رموێت: (هذا البیتُ المعمورُ یدخُلُه کُلَّ یومٍ سبعون ألْفَ مَلَكٍ، إذا خَرَجوا منه لم یعودوا فیه آخِرَ ما علیهم). متفق علیه

واته: ئه‌وه به‌یتولمه‌عموره هه‌موو ڕۆژێک حه‌فتا هه‌زار فریشته ده‌چێته ناویه‌وه کاتێک لێی ده‌رچوون ناتوانن ئه‌م حه‌فتا هه‌زار فریشته‌یه جارێکی تر بۆی بگه‌رێنه‌وه له به‌ر زۆری رێژه‌ی فریشته‌کان!

وه عبدالله ی کوڕی مه‌سعود - ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی:

(یُؤْتَى بِجَهَنَّمَ یَوْمَئِذٍ لَهَا سَبْعُونَ أَلْفَ زِمَامٍ، مَعَ کُلِّ زِمَامٍ سَبْعُونَ أَلْفَ مَلَكٍ یَجُرُّونَهَا). رواه مسلم

واته: دۆزه‌خ ده‌هێندرێت، له‌وڕۆژه‌دا دۆزه‌خ حه‌فتا هه‌زار زنجیر و جڵه‌وی پێوه‌یه، لەگەڵ هه‌ر جڵه‌وێک حه‌فتا هه‌زار فریشته هه‌یه ڕایده‌کێشن!

ناوی فریشته‌کان

ناوی هه‌موو فریشته‌کان نازانین ته‌نها ئه‌وانه نه‌بێت که بەڵگە‌ی له‌باره‌وه هاتووه

1_ جبرائیل – علیه السلام – که هێنه‌ری وه‌حی بوو بۆ پێغه‌مبه‌ران – علیهم السلام.

2_ میکائیل – علیه السلام – کاری په‌یوه‌سته به باران بارین.

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (مَنْ کَانَ عَدُوًّا لِلَّهِ وَمَلَائِكَتِهِ وَرُسُلِهِ وَجِبْرِيلَ وَمِيكَالَ فَإِنَّ اللَّهَ عَدُوٌّ لِلْكَافِرِينَ). البقرة: 98

 واته: ئه‌و که‌سه‌ی دوژمن بێت به خوداو فریشته‌کانی و پێغه‌مبه‌ره‌کانی، به ‌تایبه‌ت جوبره‌ئیل و میکائیل، ئه‌وه با بزانێت و دڵنیا بێت که خودای گه‌وره دوژمنی کافرو بێباوەڕانه.

3_ ئیسرافیل – علیه السلام – پیشه‌که‌ی بریتیه له فووکردن به‌سوور لە ڕۆژی دواییدا.

 

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) له‌یه‌کێک له دوعاکانی ناوی ئه‌م فریشته‌یه‌ی هێناوه و فەرموویەتی: (اللهم رَبَّ جِبرَائِيْلَ، وَ مِیکَائيْلَ، وَإسْرَافيْلَ، فَاطِرَ السَّمَوَاتِ وَ الأرْضِ، عَالِمَ الغَیْبِ وَ الشَّهَادَةِ، أنْتَ تَحْكُمُ بَیْنَ عِبَادِكَ فِیمَا کَانُوا فِیهِ یَخْتَلِفُونَ، اهْدِنِي لِمَا اخْتُلِفَ فِیهِ مِنَ الحَقِّ بِإذْنِكَ، إنَّكَ تَهْدِي مَنْ تَشَاءُ إلَی صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ). رواه مسلم

واته‌: ئەی خودایه، په‌روه‌ردگاری جبرائیل و میکائیل و ئیسرافیل، به‌دی هێنه‌ری ئاسمانه‌کان و زه‌وی، زانای پەنهان و ئاشکرا، تەنها تۆ فەرمانڕەوایی لەنێوان بەندەکاندا دەکەیت لەوەی کە تێیدا ناکۆک و جیاواز و دووبەرەکن، ڕێنمویم بکه بۆ سەر ئەو ڕێگە ڕاستەی کە ئەوان تێیدا جیاوازبوون به ئیزنی خۆت واته (دامه‌زراوم بکه لە سەری). خۆت ڕینمویی ئەو کەسانە دەکەیت کە ویستت لە سەری بێت بۆ سەر ڕێگەی ڕاست.

4_ مالیک –علیه السلام – پیشه‌که‌ی بریتیه له سه‌رپه‌رشتیاریکردنی دۆزه‌خ.

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (وَنَادَوْا یَا مَالِكُ لِیَقْضِ عَلَيْنَا رَبُّكَ ۖ قَالَ إِنَّكُمْ مَاكِثُونَ). الزخرف: 77

واته: دۆزه‌خیه‌کان هاوار ده‌که‌ن ئه‌ی مالیک با په‌روه‌ردگارت بمان مرێنێت (تا ڕزگاربین) ئه‌ویش: دەڵێت بێگومان ئێوه ده‌مێننه‌وه.

5_ رضوان – علیه السلام – پیشه‌که‌ی بریتیه له سه‌رپه‌رشتیاری به‌هه‌شت.

6_ 7 _ مونکه‌ر و نه‌کیر – علیهما السلام – کاریان بریتیه له پرسیاره‌کانی ناو گۆڕ.

8_ 9_ هاروت و ماروت – علیهما السلام –پیشه‌یان بریتی بوو له ناساندنی زانستی سیحر و دوورخستنه‌وه‌ی خەڵک لێی.

10_ ملک الموت –علیه السلام – کاری بریتیه له رۆح کێشان.

تێبینی: وشه‌ی عزرائیل بۆ ئه‌م فریشته‌یه هیچ بەڵگە‌یه‌کی له باره‌وه نه‌هاتووه.

 

 

(6) مردنی فریشته‌کان

فریشته‌کانیش ده‌مرن وه‌ک چۆن جنۆکه مرۆڤه‌کان ده‌مرن.

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (وَنُفِخَ فِی الصُّورِ فَصَعِقَ مَنْ فِی السَّمَاوَاتِ وَمَنْ فِی الْأَرْضِ إِلَّا مَنْ شَاءَ اللَّهُ  ثُمَّ نُفِخَ فِیهِ أُخْرَىٰ فَإِذَا هُمْ قِیَامٌ یَنْظُرُونَ). الزمر: 68

 واته: له‌و ڕۆژه‌دا فوو ده‌کرێت به - صور - دا، هه‌ر که‌س له ئاسمانه‌کان و زه‌ویدا مابێت خێرا ده‌مرێت، مه‌گه‌ر که‌سێک خودا ویستی لە سەر مردنی نه بێت، له‌وه‌ودوا فوویه‌کی تری پیادا ده‌کرێته‌وه، جا ده‌ستبه‌جێ هه‌ر هه‌موو خەڵکی هه‌ستاونه‌ته سه‌ر پێ و بە سەرسامیه‌وه چاوەڕوانن.

وه له ئایه‌تێکی تردا فەرموویەتی: (کُلُّ شَیْءٍ هَالِكٌ إِلَّا وَجْهَهُ). القصص: 88

واته: هه‌موو شتێک له‌ناو ده‌چێت جگه له‌زاتی خودا نه‌بێت.

پێشه‌وا ئیبن ته‌یمییه - ره‌حمه‌تی خودای لێبێت – فەرموویەتی: (زۆرینه‌ی زانایان باوەڕیان وایه هه‌موو دروستکراوه‌کان ده‌مرن، هه‌تا فریشته‌کانیش ده‌مرن و فریشته‌ی گیان کێشانیش ده‌مرێت). مجموع الفتاوی: 4 / 259

وه‌ هه‌ندێك له‌زانایان – ره‌حمه‌تی خودایان لێبێت -  باوەڕیان وایه‌ فریشته‌كان نامرن و خودای په‌روه‌ردگار ئه‌وانی جیاكردۆته‌وه‌ له‌ دروست كراوه‌كانی تر .

 

 

(7) ره‌وشتی فریشته‌کان

فریشته‌کان دروستکراوانێکی رێزدارن

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (فِی صُحُفٍ مُکَرَّمَةٍ. مَرْفُوعَةٍ مُطَهَّرَةٍ. بِأَيْدِي سَفَرَةٍ . کِرَامٍ بَرَرَةٍ). عبس: 13-16

واته: (ئه‌و قورئانه) له چه‌ندین لاپهڕەی بەڕێزو پیرۆزدا هەڵگیراوه و له (لوح المحفوظ) وه‌رگیراوه.

که به‌رز و بڵند و پاک و خاوێنن.

به‌ده‌ستی فریشته نووسه‌ره‌کان.

که بەڕێزو خوداناس و ملکه‌چ و فه‌رمانبه‌رداران.

وه له فه‌رمووده‌ی صحیحیدا هاتووه دایکه عائیشه -ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: (الَّذِي یَقرَأُ القُرْآنَ وَهُو ماهِرٌ بِهِ معَ السَّفَرةِ الکرَامِ البررَةِ، وَالَّذِي یقرَأُ القُرْآنَ ویتَتَعْتَعُ فِیهِ وَهُو علیهِ شَاقٌّ لَهُ أجْران). متفقٌ عَلَيْهِ

واته‌: ئەو کەسه‌ی قورئان ده‌خوێنێت و شاڕەزایه لێی لەگەڵ فریشته بەڕێز و چاکه‌کاندایه، وه ئەو کەسه‌ی قورئان ده‌خوێنێت و هه‌وڵی لەگەڵ ده‌دات و قورسه لە سەری دوو پاداشتی بۆ هه‌یه.

شه‌رم و حه‌یای فریشته‌کان

دایکه عائیشه -ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: (کَانَ رَسُولُ اللهِ ﷺ مُضْطَجِعًا فِی بَیْتِي کَاشِفًا عَنْ فَخِذَيْهِ أَوْ سَاقَيْهِ، فَاسْتَأْذَنَ أَبُو بَکْرٍ فَأَذِنَ لَهُ وَهُوَ عَلَى تِلْكَ الْحَالِ فَتَحَدَّثَ، ثُمَّ اسْتَأْذَنَ عُمَرُ فَأَذِنَ لَهُ وَهُوَ کَذَلِكَ فَتَحَدَّثَ، ثُمَّ اسْتَأْذَنَ عُثْمَانُ فَجَلَسَ رَسُولُ اللهِ ﷺ وَسَوَّى ثِیَابَهُ - قَالَ مُحَمَّدٌ: وَلَا أَقُولُ ذَلِكَ فِی یَوْمٍ وَاحِدٍ - فَدَخَلَ فَتَحَدَّثَ، فَلَمَّا خَرَجَ قَالَتْ عَائِشَةُ: دَخَلَ أَبُو بَکْرٍ فَلَمْ تَهْتَشَّ لَهُ وَلَمْ تُبَالِهِ، ثُمَّ دَخَلَ عُمَرُ فَلَمْ تَهْتَشَّ لَهُ وَلَمْ تُبَالِهِ، ثُمَّ دَخَلَ عُثْمَانُ فَجَلَسْتَ  وَسَوَّيْتَ ثِیَابَكَ! فَقَالَ: ((أَلَا أَسْتَحِي مِنْ رَجُلٍ تَسْتَحِي مِنْهُ الْمَلَائِكَة؟)) رواه مسلم

واته‌: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) له‌ماڵه‌کەمدا پاڵیدابووەوە، هه‌ردوو ڕانی یان هه‌ردوو قاچی -تا ئەژنۆ- ده‌رخستبوو، جا (أبوبکر) مۆڵه‌تی -هاتنە ژورەوەی- خواست، مۆڵه‌تی داو لە سەر ئه‌و حاڵه ‌مایەوە، (أبو بکر) گفتوگۆی لەگەڵ کرد، دوای ئه‌و (عمر) مۆڵه‌تی هاتنە ژورەوەی خواست، ڕێگه‌ی داو هه‌ر به‌و شێوه مایه‌وه و گفتوگۆی لەگەڵ ئه‌ویش کرد، له‌پاشان (عثمان) مۆڵه‌تی هاتنە ژورەوەی خواست، ئەوجا پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) دانیشت و جله‌کانی ڕێک وپێک کرد، (محمد) ی -کوڕی (حرملة)- دەڵێت: (ناڵێم ئه‌مه هه‌مووی له‌یه‌ک ڕۆژدا بوو)، جا عثمان هاته ژوور و قسه‌ی لەگەڵ کرد، ئینجا کاتێک – (عثمان)- ده‌رچوو (عائشة) وتی: (أبوبکر) هاته ژوور بۆی نه‌جوڵایت و گوێت پێنه‌دا، له‌پاشان (عمر) هاتو بۆی نه‌جوڵایت و گوێت پێنه‌دا. له‌پاشان (عثمان) هاته ژوور دانیشتی و جله‌کانت ڕێک و پێک کرد، پێغەمبەر (ﷺ) فه‌رمووی: (ئایا شه‌رم نه‌که‌م له که‌سێک که فریشته‌کان شه‌رمی لێده‌که‌ن؟).

 

 (8) توانای فریشته‌کان

خودای په‌روه‌ردگار توانای به فریشته‌کان داوه خۆیان بخه‌نه سه‌ر شێوه‌ی مرۆڤ، بۆ نموونه فریشته جبریل له شێوه‌ی مرۆڤێک ده‌چێت بۆ لای مه‌ریه‌م و پێی دەڵێت به ئیزنی خودا منداڵێکت ده‌بێت و خودای گه‌وره ده‌یکات به پێغه‌مبه‌ر.

فَاتَّخَذَتْ مِن دُونِهِمْ حِجَابًا فَأَرْسَلْنَا إِلَيْهَا رُوحَنَا فَتَمَثَّلَ لَهَا بَشَرًا سَوِيًّا ١٧

 له‌وێ په‌رده‌ی هەڵخست بۆ ئه‌وه‌ی خەڵکی نه‌یبینێت له کاتی عیباده‌ت کردنی خودای گه‌وره‌دا، جبریلمان نارد بۆ لای مه‌ریه‌م،  خۆی لە سەر شێوه‌ی مرۆڤێکی ته‌واو نیشان دا.

قَالَتْ إِنِّي أَعُوذُ بِالرَّحْمَٰنِ مِنکَ إِن کُنتَ تَقِيًّا ١٨

مه‌ریه‌م وایزانی ئه‌م پیاوه ئه‌یه‌وێت زیانی پێ بگه‌یه‌نێت و تووشی خراپه‌ی بکات بۆیه فه‌رمووی: په‌نا ده‌گرم به په‌روه‌ردگاری به ڕەحم و سۆز و میهره‌بان له تۆ، ئه‌گه‌ر تۆ که‌سێکی ته‌قوای خودای گه‌وره ده‌که‌ی لێم دوورکه‌وه.

قَالَ إِنَّمَا أَنَا رَسُولُ رَبِّكِ لِأَهَبَ لَکِ غُلَامًا زَکِيًّا ١٩

جبریل (علیه الصلاة والسلام) فه‌رمووی: من خراپه‌ت تووش ناکه‌م بەڵکو من نێردراوی په‌روه‌ردگارتم بۆلات،  تا منداڵێکی پاکت پێ ببه‌خشم.

قَالَتْ أَنَّىٰ یَکُونُ لِی غُلَامٌ وَلَمْ یَمْسَسْنِي بَشَرٌ وَلَمْ أَکُ بَغِيًّا ٢٠

مه‌ریه‌میش سه‌ری سوڕما و فه‌رمووی: چۆن من منداڵم ده‌بێت له کاتێکدا هیچ مرۆڤێک جیماعی لەگەڵ نه‌کردووم و لێم نزیک نه‌بۆته‌وه، وه من شووم نه‌کردووه به حەڵاڵی، وه داوێن پیسیش نیم که زینام کردبێت.

قَالَ کَذَٰلِكِ قَالَ رَبُّكِ هُوَ عَلَيَّ هَيِّنٌ ۖ وَلِنَجْعَلَهُ آیَةً لِّلنَّاسِ وَرَحْمَةً مِّنَّا ۚ وَكَانَ أَمْرًا مَّقْضِيًّا ٢١

په‌روه‌ردگارت ده‌فه‌رمووێت: ئه‌م شته لە لای من ئاسانه که که‌سێک به بێ باوک له دایک بێت، پێشتریش ئاده‌مم به بێ دایک و باوک دروستکرد و حه‌ووایشم له په‌راسوی چه‌پی ئاده‌م دروستکرد، وه تا ئه‌و منداڵه ببێته نیشانه‌یه‌ک له نیشانه‌کانی توانا و دەسەڵاتی خودای گه‌وره بۆ خەڵکی، وه ببێته هۆی ڕەحمه‌تێک له خوداوه بۆ هیدایه‌ت دانی خەڵکی و ببێت به پێغه‌مبه‌ر، وه ئه‌مه کارێکه و بڕیاری لە سەر دراوه و ده‌بێت ڕووبدات بۆیه ئارام بگره لە سەر بڕیاری په‌روه‌ردگارت.

هه‌روه‌ها له قورئانی پیرۆزدا باسکراوه که فریشته‌کان لە سەر شێوه‌ی مرۆڤ چوونه‌ته ماڵی پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم و پێغه‌مبه‌ر لوط – سه‌لامی خودای په‌روه‌ردگاریان لە سەربێت.

وه له چه‌ند فه‌رمووده‌یه‌کی صحیحییشدا هاتووه که فریشته لە سەر شێوه‌ی مرۆڤ هاتووه بۆ لای پێغه‌مبه‌ر (ﷺ) و هاوەڵان و جگه له‌وانیش.

عومه‌ری کوڕی خه‌تاب - ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: له کاتێکدا که ئێمه دانیشتبووین له لای پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) له ناکاودا پیاوێکی جل و به‌رگ زۆر سپی و موو زۆر ره‌ش ده‌رکه‌وت بۆمان، شوێنه‌واری سه‌فه‌رکردنی پێوه نه ده‌بینرا، وه که‌سیش له ئێمه نه‌یده‌ناسی، تاوه‌کو له لای پێغه‌مبه‌ردا (ﷺ) دانیشـت، جـا هه‌ردوو ئـه‌ژنـۆی دایـه پاڵ هـــه‌ردوو ئـه‌ژنــۆی پێـغه‌مـبه‌ره‌وه، وه هـه‌ردوو لـه‌پـی دەستی خستـه سه‌ر هـه‌ردوو ڕانییه‌وه‌، ئینجا وتی: ئه‌ی (محمد) هه‌واڵم پێبدە سه‌باره‌ت به ئیسلام.

پێغه‌مبه‌رى خودا (ﷺ) فه‌رمووى: ئيسلام بريتييه‌ له‌وه‌ى كه‌ شايه‌تى بده‌يت به‌وه‌ى كه‌ هيچ په‌رستراوێك نييه‌ شايسته‌ى په‌رستن بێت جگه‌ له‌ خودا، وه‌ بە ڕاستى محمد (ﷺ) پێغه‌مبه‌رى خودايه‌ و نوێژه‌ فه‌رزه‌كان به‌ ڕێك و پێكى بكه‌يت و زه‌كات بده‌يت و ڕۆژووى مانگى ڕە‌مه‌زان بگريت و حه‌جى ماڵى خوداى گه‌وره‌ ئه‌نجام بده‌يت ئه‌گه‌ر توانات هه‌بوو.

وتی: ڕاستت کرد.

ئێمه‌ش سه‌رمان سوڕما له‌وه‌ی که پرسیاری لێده‌کات و که‌چی بە ڕاستیشی ده‌خاته‌وه!

وتی: هه‌واڵم پێبدە سه‌باره‌ت به ئیمان.

پێغه‌مبه‌رى خودايش (ﷺ) فه‌رمووى: ئيمان بریتييه‌ له‌وه‌ى كه‌ باوەڕ بێنيت به‌ خودا و فریشته‌كانى و كتێبه‌كانى و پێغه‌مبه‌ره‌كانى و ڕۆژى دوايى، وه‌ باوەڕ بێنيت به قه‌ده‌ر خێر و شه‌ڕى.

وتی: ڕاستت کرد.

وتی: هه‌واڵم پێبدە سه‌باره‌ت به چاکه‌کاری.

پێغه‌مبه‌ری خودایش (ﷺ) فه‌رمووی: چاکه‌کاری بریتییه له‌وه‌ی که خودا بپه‌رستیت وه‌ک ئه‌وه‌ی که بیبینیت، وه ئه‌گه‌ر تۆ خودا نه‌بینیت ئه‌وا ئه‌و تۆ ده‌بینێت.

وتى: هه‌واڵم پێبدە سه‌باره‌ت به‌ كاتى هاتنى ڕۆژى دوايى.

پێغه‌مـبه‌ری خودایـش (ﷺ)  فه‌رمـووی: پرسیارلێـکراو زاناتـر نییـه لـه پرسیارکار.

وتى : كه‌واته‌ هه‌واڵم پێبدە سه‌باره‌ت به‌ نيشانه‌كانى.

پێغه‌مبه‌ری خودایش (ﷺ) فه‌رمووی: که‌نیزه‌ک خاوه‌ن و سه‌روه‌ره‌که‌ی خۆیی لێده‌بێت، وه ده‌بینیت که‌سانێکی پێ په‌تی (الحفاة) و ڕەش و ڕوت (العراة) و هه‌ژار و نه‌دار (العالة) و شوانی مهڕ و ماڵات (رعاء الشاء) بینای به‌رز دروست ده‌که‌ن.

ئه‌نجا پیاوه‌که ڕۆیشت و منیش ماوه‌یه‌ک چاوەڕێم کرد.

پاشان پێغه‌مبه‌ر (ﷺ)  فه‌رمووی: ئه‌ی عومه‌ر ئایا ده‌زانیت ئه‌وه‌ی که پرسیاری کرد کێ  بوو؟

وتم: خودا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی زاناترن.

فه‌رمووی: ئه‌وه (جِبْڕيل) بوو هات بۆ لاتان بۆ ئه‌وه‌ی ئاینه‌که‌تانتان فێر بکات.

  

 

(9) خێرایی فریشته‌کان

خێراترین شت لە لای مرۆڤه‌کان بریتیه له خێرایی رووناکی، که له‌ماوه‌ی یه‌ک چرکه‌دا (186) هه‌زار میل ده‌بڕێت!

بەڵام خێرایی فریشته‌کان له‌وه زیاتر و لە سەرووتره!

خێراییه‌که‌یان قیاس ناکرێت له لای مرۆڤه‌کان، پرسیارکه‌ر هاتووه بۆ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) هێشتا له پرسیاره‌که‌ی ته‌واو نه‌بووه ڕاسته‌وخۆ فریشته جبریل -علیه السلام – وەڵامه‌که‌ی له لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه هێناوه!

زانستی فریشته‌کان

خودای په‌روه‌ردگار زانستی زۆری به فریشته‌کان به‌خشیوه‌، بەڵام ئه‌و توانایه‌یان نیه که به مرۆڤ به‌خشراوه له ڕووی ناسینی شته‌کان.

په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (وَعَلَّمَ آدَمَ الْأَسْمَاءَ کُلَّهَا ثُمَّ عَرَضَهُمْ عَلَى الْمَلَائِكَةِ فَقَالَ أَنْبِئُونِي بِأَسْمَاءِ هَٰؤُلَاءِ إِنْ كُنْتُمْ صَادِقِينَ. قَالُوا سُبْحَانَكَ لَا عِلْمَ لَنَا إِلَّا مَا عَلَّمْتَنَا ۖ إِنَّكَ أَنْتَ الْعَلِيمُ الْحَكِيمُ ) . البقرة : 32-33

واته: خودا ناوی هه‌موو شتێکی فێری ئاده‌م کرد له پاشان ئه‌و شتانه‌ی نیشانی فریشته‌کان دا، وه پێی فه‌رموون: ناوی ئه‌مانه‌م پێ بڵێن ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌که‌ن، که ئێوه له ئاده‌می باشترن.

هه‌موو وتیان: خودایه تۆ پاکیت له هەڵە ئێمه هیچ نازانین، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که خۆت فێرت کردبین بە ڕاستی هه‌ر تۆیت زانا و دانا.

مرۆڤ جیاوازه له فریشته‌کان له ڕووی دۆزینه‌وه‌ی زانستی نوێ له گه‌ردووندا، بەڵام فریشته‌کان راسته‌وخۆ به بێ هه‌وڵ و تێکۆشان زانست له خودای په‌روه‌ردگار وه‌رده‌گرن.

یه‌کێک له‌و زانستانه‌ی به فریشته‌کانی به‌خشیوه بریتیه له زانستی نووسینی کرده‌وه‌ی مرۆڤه‌کان.

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (وَإِنَّ عَلَيْكُمْ لَحَافِظِينَ . کِرَامًا کَاتِبِينَ . یَعْلَمُونَ مَا تَفْعَلُونَ).الإنفطار: 10-12.واته: بێگومان چه‌ند چاودێرێکتان به سه‌ره‌وه‌یه له فریشته‌کان، که بەڕێز و نووسه‌رن، هه‌رچی بکه‌ن ده‌یزانن.

(10) رێک و پێکی فریشته‌کان له‌کار و بار و عیباده‌تیان

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) هانی داوین لاساییان بکه‌ینه‌وه له‌جوان وه‌ستان و رێک و پێکی ڕیزی نوێژ به‌کۆمەڵ، فەرموویەتی: (أَلا تَصُفُّونَ کَمَا تُصُفُّ الملائِکَةُ عِنْدَ رَبِّهَا؟ "فَقُلْنَا: یَا رسُولَ اللَّهِ وَکَيْفَ تَصُفُّ الملائِکةُ عِند ربِّها؟ قَالَ:"يُتِمُّونَ الصُّفوفَ الأُولَ، ویَتَراصُّونَ فی الصفِّ). رواه مسلم

واته‌: ئایه ڕیزتان ڕێک ناخه‌ن وه‌ک ڕێکخستنی ڕیزی فریشته‌کان  له لای په‌روه‌ردگاریان؟ وتمان: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) ئایه چۆن فریشته‌کان ڕیزیان ده‌به‌ست له لای په‌روه‌ردگاریان؟ فه‌رمووی: ڕیزی یه‌که‌م ته‌واو ده‌که‌ن، وه ڕیزیان ڕێکده‌خه‌ن و که‌لێنی نێوانیان پرده‌که‌نه‌وه.

وه له رۆژی دواییدا فریشته‌کان ڕیز ڕیز دێن بۆ گۆره‌پانی لێ پرسینه‌وه، خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (وَجَاءَ رَبُّكَ وَالْمَلَكُ صَفًّا صَفًّا). الفجر: 22

 واته: په‌روه‌ردگارت دێت و فریشته‌کانیش پۆل پۆل (هاتنی په‌روه‌ردگاری مه‌زن خۆی نه‌بێت که‌س نازانێت چۆنه).

وه فەرموویەتی: (یَوْمَ یَقُومُ الرُّوحُ وَالْمَلَائِكَةُ صَفًّا ۖ لَا يَتَكَلَّمُونَ إِلَّا مَنْ أَذِنَ لَهُ الرَّحْمَٰنُ وَقَالَ صَوَابًا ). النبإ : 38 .

 واته: ڕۆژێک دێت جوبره‌ئیل و فریشته‌کان به ڕیز ده‌وه‌ستن و هیچ قسه ناکه‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یان که خودای میهره‌بان مۆڵه‌تی بدات و قسه‌ی جوان و به‌جێ پێشکه‌ش بکات.

وه له فه‌رموودیه‌کی صحیحیدا هاتووه ئه‌نه‌سی کوری مالیک –ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: لە ڕۆژی دواییدا من ده‌چمه به‌رده‌م ده‌رگاری به‌هه‌شت، داوای کردنه‌وه‌ی ده‌رگاکه ده‌که‌م، سه‌رپه‌رشتیاری ده‌رگاکه دەڵێت: تۆ کێی؟ منیش دەڵێم من موحه‌مه‌دم، فریشته‌که دەڵێت: فه‌رمانم پێکراوه بۆ هیچ که‌سێک له پێش تۆ ده‌رگاکه نه‌که‌مه‌وه.

وه له شه‌وی ئیسرا و میعراج کاتێک پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) لەگەڵ فریشته جبریل به‌رزبۆته‌وه بۆ ئاسمانه‌کان، له ده‌رگای هه‌موو ئاسمانێک داوای مۆڵه‌ت کراوه پاشان ده‌رگا کراوه‌ته‌وه!

ئه‌م ئایه‌ت و فه‌رموودانه بەڵگە‌ی ئاشکران له سه‌ر رێک و پێکی فریشته‌کان له کار و باره‌کانیاندا.

 

(11) پارێزراوی فریشته‌کان له گوناه و تاوان

فریشته‌کان پارێزراون له گوناه و تاوان هیچ سه‌رپێچییه‌ک لە سەر پێچییه‌کان ئه‌نجام ناده‌ن.

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (یَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا قُوا أَنْفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ عَلَيْهَا مَلَائِكَةٌ غِلَاظٌ شِدَادٌ لَا یَعْصُونَ اللَّهَ مَا أَمَرَهُمْ وَیَفْعَلُونَ مَا یُؤْمَرُونَ) التحریم: 6

ئه‌ی باوەڕداران خۆتان و ماڵ و منداڵتان بپارێزن له ئاگرێک که سووته‌مه‌نیه‌که‌ی خەڵکی و به‌رده.

ئه‌و ئاگری دۆزه‌خه هه‌ندێک مه‌لائیکه‌تی له سه‌ره که (زه‌بانیه) ن خودای گه‌وره تایبه‌ت بۆ ئه‌وه دروستی کردوون که‌سانێکی زۆر دڵ ڕەقن وه زۆر سه‌خت و توند و ترسناکن هیچ ڕەحم و به‌زه‌ییه‌ک له دڵیان دا نیه به‌رامبه‌ر به دۆزه‌خییه‌کان.

 وه هه‌ر فه‌رمانێک که خودای گه‌وره پێیان بکات ئه‌وان سه‌رپێچی فه‌رمانی خودای گه‌وره ناکه‌ن.

 وه هه‌ر فه‌رمانێکیان پێ بکرێت له لایه‌ن خودای گه‌وره ئه‌وان له کاتی خۆیدا ڕاسته‌وخۆ جێبه‌جێی ئه‌که‌ن.

وه فەرموویەتی: (وَلَهُ مَنْ فِی السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ ۚ وَمَنْ عِنْدَهُ لَا یَسْتَكْبِرُونَ عَنْ عِبَادَتِهِ وَلَا یَسْتَحْسِرُونَ). الأنبیاء: 19

 واته: هه‌رچی له ئاسمانه‌کان و زه‌ویدایه هه‌ر خودا خاوه‌نیانه و موڵک و دروستکراوی ئه‌ون، بێگومان ئه‌و فریشتانه‌ی که له خزمه‌تیدان خۆیان به گه‌وره نازانن له په‌رستنیدا و هه‌رگیز ماندوو بێ تاقه‌ت نابن له ستایشی ئه‌و زاته.

ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزانه بەڵگە‌ی ئاشکران له سه‌ر پارێزراوی فریشته‌کان له گوناه و تاوان؛ وه به‌رده‌وام زیکر و یادی خودای په‌روه‌ردگار ده‌که‌ن و فه‌رمانه‌کانی  جێ به‌جێ ده‌که‌ن و سه‌رپێچی ناکه‌ن.

 

(12) عیباده‌تی فریشته‌کان

نموونه‌ی هه‌ندێک له عیباده‌ته‌کانیان

یه‌که‌میان: ته‌سبیحات و ستاییشکردنی خودای په‌روه‌ردگار، فریشته‌کان به‌رده‌وام زیکر و یادی په‌روه‌ردگار ده‌که‌ن و گه‌وره‌ترین زیکریان بریتیه له زیکری (سبحان الله) به پاک دانانی خودای په‌روه‌ردگار له هه‌موو که‌م و کوڕییه‌ک.

ئه‌و فریشتانه‌ی عه‌رشی په‌روه‌ردگاریان هەڵگرتووه ته‌سبیحات و ستاییشی په‌روه‌ردگار ده‌که‌ن.

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (الَّذِينَ یَحْمِلُونَ الْعَرْشَ وَمَنْ حَوْلَهُ یُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ وَیُؤْمِنُونَ بِهِ وَیَسْتَغْفِرُونَ لِلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا وَسِعْتَ کُلَّ شَیْءٍ رَحْمَةً وَعِلْمًا فَاغْفِرْ لِلَّذِينَ تَابُوا وَاتَّبَعُوا سَبِيلَكَ وَقِهِمْ عَذَابَ الْجَحِيمِ). غافر: 7

 واته: ئه‌و فریشتانه‌ی که عه‌رش و ته‌ختی په‌روه‌ردگار هەڵده‌گرن، ئه‌وانه‌ش که به ده‌وریدا ده‌سوڕێنه‌وه، ته‌سبیحات و ستایش و سوپاسی په‌روه‌ردگاریان ده‌که‌ن، ئیمان و باوەڕی زۆر به‌هێز و دامه‌زراویان پێیه‌تی، داوای لێخۆشبوونیش ده‌که‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی که باوەڕیان هێناوه، دەڵێن: په‌روه‌ردگارا! ره‌حمه‌ت و میهره‌بانی تۆ، زانست و زانیاری تۆ، هه‌موو شتیێکت پێ گرتۆته‌وه، که‌وابوو خۆش ببه له‌وانه‌ی که ته‌وبه‌یان کردووه و له گوناهه‌کانیان په‌شیمانن و شوێن به‌رنامه و ڕێبازی تۆ ده‌که‌ون، هه‌روه‌ها له ئاگری دۆزه‌خیش بیانپارێزه.

دووه‌میان: جوان وه‌ستانیان به‌ریز بۆ جێ به‌جێ کردنی فه‌رمانه‌کان

خودای په‌روه‌ردگار ده‌رباره‌ی فریشته‌کان فەرموویەتی: (وَإِنَّا لَنَحْنُ الصَّافُّونَ). الصافات: 165

واته‌: ده‌شڵێن بێگومان ئێمه‌ین بۆ جێبه‌جێکردنی فه‌رمانه‌کانی خودا به ڕیز ده‌وه‌ستین.

وه پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) ده‌رباره‌ی وه‌ستان و کرنۆش بردنی فریشته‌کان بۆ خودای په‌روه‌ردگار به هاوەڵانی فه‌رموو: ئایه ئه‌وه‌ی من ده‌یبیستم ئێوه ده‌بیستن؟

وتیان: هیچ شتێک نابیستین ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ)، فه‌رمووی: من ده‌نگی جیره‌ی ئاسمان ده‌بیستم، وه لۆمه ناکرێت لە سەر ئه‌م ده‌نگه‌ی، چونکه هیچ شوێنێک به ئه‌ندازه‌ی بستێک نیه ئیللا تیادا فریشته‌یه‌ک له‌ کرنوشدایه یان وه‌ستاوه.

 

سێیه‌میان: ته‌واف کردنیان به‌ده‌وری (بیت المعمور) له ئاسمانه، که هه‌موو ڕۆژێک حه‌فتا هه‌زار فریشته ده‌چن بۆ ئه‌و شوێنه، کاتێک ئه‌م حه‌فتا هه‌زاره لێی ده‌رده‌چن جارێکی تر نۆره‌یان نایه‌ته‌وه به‌هۆی زۆری ڕێژه‌ی فریشته‌کان!

وه ئه‌م شوێنه له ئاسمان له سه‌ر که‌عبه‌ی پیرۆزه، پێغه‌مبه‌ر (ﷺ) فەرموویەتی: (بیت المعمور)  مزگه‌وتێکه له ئاسمان، له ژێره‌وه که‌عبه‌ی پیرۆزه، ئه‌گه‌ر به‌ربێته‌وه راسته‌وخۆ ده‌که‌وێته سه‌ر که‌عبه‌ی پیرۆز.

چواره‌میان: فریشته‌کان دروستکراوانێکی له‌خودا ترسن، خودای په‌روه‌ردگار ده‌رباره‌یان فەرموویەتی: (وَهُمْ مِنْ خَشْيَتِهِ مُشْفِقُونَ). الأنبیاء: 28

واته: فریشته‌کان له زۆر ترسی خودا و گه‌وره‌یی  هه‌رده‌م ده‌له‌رزن و ناوێرن سه‌رپێچی بکه‌ن.

وه پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی:  (إذا قَضَى اللَّهُ الأمْرَ فی السَّماءِ، ضَرَبَتِ المَلائِكَةُ بأَجْنِحَتِها خُضْعانًا لِقَوْلِهِ کالسِّلْسِلَةِ علَی صَفْوانٍ). صحیح البخاری

واته‌: له ئه‌بو هوره‌یره‌وه - ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: کاتێک خودای په‌روه‌ردگار فه‌رمانی بوونی کارێک ده‌کات له ئاسمان، فریشته‌کان باڵه‌کانیان بۆ فه‌رمانی خودا نزم ده‌که‌ن و ده‌نگی فه‌رمانی خودا ئه‌وه‌نده له لایه‌ن سامناکه وه‌ک چۆن ده‌نگی ڕاکێشانی زنجیر له سه‌ر به‌ردێکی لووس سامناکه.

هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی:  (له‌شه‌وی ئیسرا و میعراجدا جبریلم بینی وه‌ک په‌رۆێکی راخراو وابوو له‌ترسی خودای په‌روه‌ردگار!). صحیح الجامع

 

(13) پرسیاری فریشته‌کان له حیکمه‌تی دروست کردنی مرۆڤ

کاتێک خودای په‌روه‌ردگار ویستی ئاده‌م دروست بکات، مه‌به‌ستی دروستکردنی ئاده‌می به فریشته‌کان راگه‌یاند، ئه‌وانیش پرسیاریان کرد له خودای په‌روه‌ردگار ده‌رباره‌ی حیکمه‌ت له دروست کردنی ئاده‌م –علیه السلام، چونکه زانیان که هه‌ندێک له نه‌وه‌کانی ئاده‌م تووشی فه‌ساد و خراپه‌کاری ده‌بن، خودای په‌روه‌ردگار به فریشته‌کانی راگه‌یاند که هه‌ندێک حیکمه‌ت هه‌یه له دروست کردنی ئاده‌م ئێوه نایزانن.

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (وَإِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي جَاعِلٌ فِي الْأَرْضِ خَلِيفَةً ۖ قَالُوا أَتَجْعَلُ فِيهَا مَنْ يُفْسِدُ فِيهَا وَيَسْفِكُ الدِّمَاءَ وَنَحْنُ نُسَبِّحُ بِحَمْدِكَ وَنُقَدِّسُ لَكَ ۖ قَالَ إِنِّي أَعْلَمُ مَا لَا تَعْلَمُونَ ) . البقرة : 30

واته‌: بیریان بێنه‌وه کاتێک که په‌روه‌ردگاری تۆ به فریشته‌کانی ووت بە ڕاستی من جێنشینێک داده‌نێم لە سەر زه‌وی، فریشته‌کان وتیان: ئایا که‌سێکی وای تیا دروست ده‌که‌یت که خراپه‌ی تێدا بکات وه خوێنی تیادا بڕێژێت؟ له کاتێکدا که ئێمه یادت ده‌که‌ین به ستایش کردنت وه به پاک ڕات ده‌گرین، (خودای په‌روه‌ردگار) فه‌رموی:  بێگومان ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم ئێوه نایزانن.

سوجده بردنی فریشته‌کان بۆ ئاده‌م له دوای دروست بوونی

خودای په‌روه‌ردگار فه‌رمانی به فریشته‌کان و ئیبلیس کرد سوجده‌ی ڕێز به‌رن بۆ ئاده‌م، هه‌موو فریشته‌کان فه‌رمانی خودای په‌وره‌دگاریان جێ به‌جێ کرد ته‌نها ئیبلیس نه‌بێت.

په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: إِذْ قَالَ رَبُّكَ لِلْمَلَائِكَةِ إِنِّي خَالِقٌ بَشَرًا مِّن طِینٍ (٧١)

دروستکردنی ئاده‌م پێغه‌مبه‌ر (ﷺ)، کاتێک که په‌روه‌ردگار به فریشته‌کانی فه‌رموو من مرۆڤێک دروست ده‌که‌م له قوڕ که ئاده‌م بوو.

فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِیهِ مِن رُّوحِي فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ (٧٢)

کاتێک که ڕێکم خست و شێوه‌یم بۆ کرد، وه له روحی خۆم خسته به‌ری، ئه‌مه بۆ (ئیزافه‌ی ته‌شریف و ته‌عزیم) ە بۆ ڕێزو به‌گه‌وره زانینه نه‌ک خودای گه‌وره ئه‌و روحه‌ی خۆی بخاته به‌ری ئه‌گه‌ر نا ئه‌بوایه ئاده‌میش هه‌میشه‌یی بوایه و مردنی بە سەردا نه‌هاتایه، که ڕوحم کرده به‌ری ئێوه هه‌مووتان کڕنوشی ڕێزی بۆ به‌رن نه‌ک کڕنوشی عیباده‌ت.

فَسَجَدَ الْمَلَائِكَةُ کُلُّهُمْ أَجْمَعُونَ (٧٣)

مه‌لائیکه‌ته‌کان هه‌موویان سوجده‌ی ڕێزو ئیحترامیان بۆ ئاده‌م برد و فه‌رمانی خودایان جێبه‌جێ کرد.

إِلَّا إِبْلِيسَ اسْتَكْبَرَ وَکَانَ مِنَ الْکَافِرِينَ (٧٤)

ته‌نها ئیبلیس نه‌بێت که جنی بوو ئه‌م خۆی به گه‌وره‌زانی،  وه له کافران بوو له به‌ر ئه‌وه‌ی فه‌رمانی خودای گه‌وره‌ی جێبه‌جێ نه‌کرد.

قَالَ یَا إِبْلِيسُ مَا مَنَعَكَ أَن تَسْجُدَ لِمَا خَلَقْتُ بِیَدَيَّ ۖ أَسْتَكْبَرْتَ أَمْ کُنتَ مِنَ الْعَالِينَ (٧٥)

خودای گه‌وره فه‌رمووی: ئه‌ی ئیبلیس چی ڕێگری لێکردیت که سوجده نه‌به‌ی بۆ ئه‌و ئاده‌مه‌ی که به هه‌ردوو ده‌ستی خۆم دروستم کرد، ئه‌ی ئیبلیس ئایا خۆت به‌گه‌وره زانی و لوت به‌رز بووی یان خۆت به به‌رزو بڵند زانی.

قَالَ أَنَا خَیْرٌ مِّنْهُ ۖ خَلَقْتَنِي مِن نَّارٍ وَخَلَقْتَهُ مِن طِینٍ (٧٦)

ئیبلیس وتی: ئه‌ی په‌روه‌ردگار من له‌و باشترم، منت له ئاگر دروست کردووه و ئاده‌مت له قوڕ دروست کردووه ئاگریش له قوڕ باشتره.

قَالَ فَاخْرُجْ مِنْهَا فَإِنَّكَ رَجِيمٌ (٧٧)

خودای گه‌وره فه‌رمووی: له به‌هه‌شت بڕۆره ده‌ره‌وه، یان له ناو مه‌لائیکه‌ته‌کان بڕۆره ده‌ره‌وه تۆ ڕەجمکراو و ده‌رکراوی له هه‌موو خێرێک.

 

(14) سه‌لامی ئاده‌م –علیه السلام- له فریشته‌کان

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (خودای په‌روه‌ردگار ئاده‌می دروست کردووه لە سەر ئه‌و شێوه‌یه‌ی که هه‌یه‌تی، شه‌ست باڵ به‌رز بووه، کاتێک دروستی کرد، پێی فه‌رموو: برۆ سه‌لام له‌و فریشتانه بکه - هه‌ندێک فریشته دانیشتبوون - وه گوێبگره له وەڵامه‌که‌یان، ئه‌وه سه‌لامی تۆ و سه‌لامی نه‌وه‌کانته، ئاده‌م وتی: السلام علیکم، فریشته‌کان وتیان: وعلیکم السلام ورحمة الله). صحیح البخاری

شوشتن و ناشتنی ته‌رمی ئاده‌م –علیه السلام – له لایه‌ن فریشته‌کان

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (کاتێک ئاده‌م وه‌فاتی کرد به ئاو شوشتیان به تاک، وه ناشتیان له ناو گۆر به‌شێوه‌ی له‌حد، وه وتیان: ئه‌وه سونه‌تی ئاده‌مه بۆ منداڵه‌کانی). صحیح الجامع

هه‌روه‌ها لە فەرموودە‌ی صحیحی هاتووه که فریشته‌کان ته‌رمی یه‌کێک له هاوەڵانی پێغه‌مبه‌ری خودایان (ﷺ) شوشتووه که ناوی حه‌نظه‌له بووه له جه‌نگی ئوحود شه‌هید بووه.

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) له دوای کۆتایی هاتنی جه‌نگه‌که فه‌رمووی: فریشته‌کان وا ته‌رمی ئه‌و هاوەڵه‌تان ده‌شۆن!

کاتێک پرسیاریان له هاوسه‌رەکه‌ی کرد، له‌وەڵامدا وتی: ئه‌و کاته‌ی بانگکرا بۆ جیهاد به په‌له لە ماڵ ده‌رچوو و غوسلی جه‌نابه‌تی لە سەربوو، پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: ئه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌یه که فریشته‌کان شوردویانه.

 

 

(15) ڕۆڵی فریشته‌کان له کاتی دروست بوونی مرۆڤه‌کان له‌ناو ڕەحمی دایکیان

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (إِنَّ أَحَدَكُمْ یُجْمَعُ خَلْقُهُ فی بَطْن أُمِّهِ أَرْبَعِينَ یَوْماً نُطْفَةً، ثُمَّ یَکُونُ عَلَقَةً مِثْلَ ذلِکَ، ثُمَّ یَکُونُ مُضْغَةً مثْلَ ذلِکَ، ثُمَّ یُرْسَلُ المَلَكُ، فَیَنْفُخُ فِیهِ الرَّوحَ، وَیُؤْمَرُ بِأَرْبَعِ کَلِماتٍ: بِکَتْبِ رِزقِةِ، وَأَجلِهِ، وَعمَلِهِ، وَشَقيٌّ أَوْ سعِیدٌ) .

 متفقٌ عَلَيهِ

واته‌: بە ڕاستی هه‌ر یه‌کێک له‌ئێوه لە سەره‌تای دروست بوونییەوە 40 رۆژ له‌ناو سکی دایکی دڵۆپه ئاوێکه، پاشان دوای ئه‌م 40 ڕۆژه ده‌بێت به خوێنێکی هەڵواسراو بۆ ماوه‌ی 40 ڕۆژ، پاشان ده‌بێت به پارچه گۆشتێک بۆ ماوه‌ی 40 ڕۆژ، پاشان فریشته‌یه‌کی بۆ ده‌نێردرێت، ڕۆحی ده‌خاته‌به‌ر، وه فه‌رمانی پێ ده‌کرێت چوار شتی لە سەر بنوسێت: فه‌رمانی پێ ده‌کرێت ڕزقه‌که‌ی بنوسرێت، وه کاتی مردنی بنوسرێت، وه کرده‌وه‌کانی بنوسرێت، وه زه‌ره‌رمه‌نده یان به‌خته‌وه‌ره.

پارێزگاری فریشته‌کان له مرۆڤه‌کان

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (لَهُ مُعَقِّبَاتٌ مِنْ بَیْنِ یَدَيْهِ وَمِنْ خَلْفِهِ یَحْفَظُونَهُ مِنْ أَمْرِ اللَّهِ ۗ إِنَّ اللَّهَ لَا یُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّىٰ یُغَيِّرُوا مَا بِأَنْفُسِهِمْ ۗ وَإِذَا أَرَادَ اللَّهُ بِقَوْمٍ سُوءًا فَلَا مَرَدَّ لَهُ ۚ وَمَا لَهُمْ مِنْ دُونِهِ مِنْ وَالٍ). الرعد: 11

واته: بۆ مرۆڤ هه‌یه فریشتانێک که به دوای یه‌کدا دێن له پێش و له دوایه‌وه، به فه‌رمانی خودا ده‌ی پارێزن له زیان، بە ڕاستی خودا (بار و حاڵی) هیچ گه‌لێک ناگۆڕێت هه‌تا ئه‌وان خۆیان (بار و حاڵی) خۆیان نه‌گۆڕن، وه کاتێک خودا بیه‌وێت هۆزێک تووشی بهڵا بن هیچ به‌رگرێکی بۆی نییه و جگه له خودا هیچ یارمه‌تی ده‌رو پشتیوانێکیان نییه.

عبدالله ی کوڕی عه‌باس– ڕەزای خودای لێبێت– له ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته پیرۆزه‌دا فەرموویەتی: ئه‌و فریشتانه‌ن پارێزگاری له مرۆڤه‌کان ده‌که‌ن هه‌تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌وه‌یان تووش ده‌بێت که له سه‌ریان نوسراوه ئەو کات وازی لێ دێنن.

وه پێشه‌وا موجاهید –ره‌حمه‌تی خودای لێبێت– فەرموویەتی: هیچ مرۆڤێک نیه ئیللا فریشته‌یه‌ک لەگەڵیه‌تی له کاتی خه‌وتن و به ئاگابوون ده‌ی پارێزێت له جنۆکه و مرۆڤه گیانله‌به‌ره زیانبه‌خشه‌کان ته‌نها له‌و شتانه نه‌بێت که له سه‌ری نوسراوه و ده‌بێت تووشی ببێت.

وه له ئایه‌تێکی تردا په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (وَهُوَ الْقَاهِرُ فَوْقَ عِبَادِهِ ۖ وَیُرْسِلُ عَلَيْكُمْ حَفَظَةً حَتَّىٰ إِذَا جَاءَ أَحَدَكُمُ الْمَوْتُ تَوَفَّتْهُ رُسُلُنَا وَهُمْ لَا يُفَرِّطُونَ ) . الأنعام : 61

واته: خودای گەورە زاڵ و دەسەڵاتداره بە سەر به‌نده‌کانیدا، و فریشتانێکتان بۆ ده‌نێرێت (که چاودێر و پارێزه‌ر و نوسه‌ری کرده‌وه‌کانتانن) تا کاتی مردنی یه‌کێکتان دێت نێرراوه‌کانمان گیانی ده‌کێشن که هیچ سستی و که‌مته‌رخه‌می یه‌ک ناکه‌ن له کاره‌کانیاندا.

 

 

(١٦) دابه‌زینی فریشته‌کان بۆ لای قورئان خوێنان

خوێندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز هۆکاری دابه‌زینه فریشته‌کان و ڕەحم و به‌زه‌یی خودا و هێمنی و ئارامییه بە سەر قورئان خوێنان.

وه هۆکاری پاراستنیانه له لایه‌ن فریشته‌کانه‌وه به پاراستنی پارێزگاری و چاودێری و ڕێنموویی کردن.

وه ئه‌و ماڵه‌ی قورئانی پیرۆزی تیادا ده‌خوێندرێته‌وه چه‌ندین خێر و به‌ره‌که‌تی بە سەردا دهڕژێت.

وه خودای په‌ره‌وه‌ردگار ئه‌هلی ئه‌م ماڵه ده‌پارێزێت له‌هه‌موو خراپه‌یه‌ک.

ئه‌بو هوره‌یره‌وه ڕەزای خودای لێبێت فەرموویەتی: ئه‌و ماڵه‌ی قورئانی پیرۆزی  تیادا ده‌خوێندرێت خۆشی ڕووی تێده‌کات وه فریشته‌کان تیایدا ئاماده ده‌بن وه شه‌یاتینه‌کان لێی ڕاده‌که‌ن. وه خێر و به‌ره‌که‌تی زۆر ڕووی تێ ده‌کات. وه ئه‌و ماڵه‌ی قورئانی پیرۆزی تیادا ناخوێندرێت ده‌بێت به شوێنێکی ناخۆش بۆ ئه‌هله‌که‌ی وه فریشته‌کان ناچنه ناویه‌وه وه ده‌بێت به‌شوێنی شه‌یاتینه‌کان وه خێر و به‌ره‌که‌تی تیادا که‌م ده‌بێت.

وه ئه‌بو مه‌سعود ڕەزای خودای لێبێت فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: هه‌ر که‌سێک دوو ئایه‌تی کۆتایی سوره‌تی به‌قه‌ره بخوێنێت به‌سیه‌تی بۆ پارێزگاری.

وه ئه‌بو سه‌عیدی خودری ڕەزای خودای لێبێت فەرموویەتی: ئوسه‌یدی کوڕی حوضه‌یر ڕەزای خودای لێبێت شه‌وێکیان قورئانی پیرۆزی ده‌خوێنده‌وه له‌ناکاو ئه‌سپه به‌ستراوه‌که‌ی ده‌ستیکرد به جووڵه‌ی زۆر ئه‌ویش ترسا و وه‌ستا له قورئان خوێندنه‌وه ئه‌سپه‌که‌ش له جووڵه‌کردن وه‌ستا  ئینجا که ده‌ستی کرده‌وه به قورئان خوێندن دووباره ئه‌سپه‌که ده‌ستی کرده‌وه به جووڵه‌ی زۆر کاتێک ده‌وه‌ستا له خوێندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز ئه‌سپه‌که‌شی له جووڵه کردن ده‌وه‌ستا ئوسه‌ید ترسی هه‌بوو ئه‌سپه‌که زیان به کوڕەکه‌ی بگه‌یه‌نێت. که ناوی یه‌حیابوو له شوێنی خۆی هه‌ستا بۆ ئه‌وه‌ی بچێت بۆ لای ئه‌سپه‌که‌ی بزانێت بۆچی وا ده‌کات بینی لە سەر سه‌ریه‌وه چه‌ند پارچه نوورێک هه‌یه وه‌ک چرا ده‌دره‌وشێنه‌وه،  پاشان به‌ره‌و ئاسمان به‌رزبوونه‌وه و وونبوون ئوسه‌ید به‌یانی چوو بۆ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) ئه‌م ڕووداوه‌ی بۆ گێڕایه‌وه پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: ئه‌وه چه‌ند فریشته‌یه‌ک بوونه گوێیان له تۆ گرتووه کاتێک  قورئانی پیرۆزت خوێندۆته‌وه ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بوویتایه هه‌موو خەڵکی ده‌یانبینین که ئێستا لێیان دیارنین.

(17) هه‌موو مرۆڤێک فریشته‌یه‌کی لەگەڵه هانی ده‌دات بۆ خێر و چاکه

هه‌موو مرۆڤێک فریشتیه‌ک و جنۆکه‌یه‌کی  لەگەڵه، پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی:  (ما منکم من أحد إلا وقد وکل به قرینه من الجن وقرینه من الملائکة، قالوا: وإیاک یا رسول الله؟ قال: و إیای، إلا أن الله أعاننی علیه فأسلم، فلا یأمرنی إلا بخیر). أخرجه مسلم

واته: هیچ که‌سێک نیه له ئێوه ئیللا هاوده‌مێکی لەگەڵه له جنۆکه، وه هاوده‌مێکی لەگەڵه له فریشته، وتیان: تۆش ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ)؟ فه‌رمووی: منیش بەڵام خودای په‌روه‌ردگار یارمه‌تیدان بۆ موسڵمان بوونی و موسڵمان بووه، ته‌نها فه‌رمانی چاکه‌م  پێ ده‌کات. صحیح مسلم

عبداللەی کوڕی مه‌سعود –ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: (إن للشَّيطانِ للمَّةً بابنِ آدمَ، ولِلمَلك لَمَّةٌ، فأمَّا لمَّةُ الشَّيطانِ فإیعادٌ بالشَّرِّ وتَکْذيبٌ بالحقِّ، وأمَّا لمَّةُ الملَکِ فإیعادٌ بالخیرِ وتصدیقٌ بالحقِّ. فمَن وجدَ ذلِکَ فلیعلم أنَّهُ منَ اللَّهِ، فلیحمَدِ اللَّهَ، ومن وجدَ الأخری فلیتعوَّذ منَ الشَّيطانِ. ثمَّ قرأَ: الشَّيْطَانُ یَعِدُكُمُ الْفَقْرَ وَیَأْمُرُكُمْ بِالْفَحْشَاءِ وَاللَّهُ یَعِدُكُمْ مَغْفِرَةً مِنْهُ وَفَضْلًا الآیةَ). إسناده صحیح

واته: بە ڕاستی بۆ شه‌یتان هه‌وڵ و پێکانێک هه‌یه به‌رامبه‌ر به نه‌وه‌کانی ئاده‌م، وه بۆ فریشته‌ش به هه‌مان شێوه، جا پێکانی شه‌یتان بۆ مرۆڤ بریتیه له تووش کردنی به گوناه و تاوان و به‌درۆ دانانی حه‌ق، وه پێکانی فریشته بریتیه له هاندانی کاری خێر و به راست دانانی حه‌ق، جا هه‌ر که‌سێک خێری تووش بوو ئه‌وا با سوپاس و ستاییشی په‌روه‌ردگار بکات، وه هه‌ر که‌سێک هه‌ستی به ئاره‌زووی گوناه و تاوان کرد ئه‌وا با په‌نا به‌خودا بگرێت له‌شه‌یتان، پاشان ئه‌م ئایه‌ته‌ی خوێنده‌وه که په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: شه‌یتان بەڵێنی هه‌ژاریتان پێ ده‌دات وه فه‌رمانی گوناه و تاوانتان پێ ده‌کات، وه خودای په‌روه‌ردگار بەڵێنی لێخۆشبوون و فه‌زڵ و پاداشتان پێ ده‌دات.

 

(18) فریشته‌کان هه‌موو کرده‌وه‌کانی مرۆڤ ده‌نووسن و تۆماری ده‌که‌ن

هه‌ندێک فریشته هه‌ن خودای په‌روره‌ردگار تایبه‌تی کردوون به تۆمارکردنی کرده‌وه‌کانی مرۆڤ.

هه‌موو مرۆڤێک دوو فریشته‌ی به‌رده‌وام لەگەڵه لە لای راست و چه‌پیه‌وه، هه‌موو کرده‌وه‌کانی تۆمار ده‌که‌ن و ده‌نووسن.

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی:  (وَإِنَّ عَلَيْكُمْ لَحَافِظِينَ . کِرَامًا کَاتِبِينَ . یَعْلَمُونَ مَا تَفْعَلُونَ). الإنفطار: 10

واته‌: بێگومان ئێوه چاودێرتان لە سەر دانراوه، که ئه‌و فریشتانه زۆر بەڕێزن وه هه‌موو شتێک که ئێوه ده‌یکه‌ن هه‌ر هه‌مووی ده‌نووسن و دەی‌پارێزن و هه‌مووی هەڵده‌گرن، که ئاگاو زانان به‌هه‌وو ئه‌و کرده‌وه و ره‌فتارانه‌ی که ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

وه فەرموویەتی: (وَلَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنْسَانَ وَنَعْلَمُ مَا تُوَسْوِسُ بِهِ نَفْسُهُ ۖ وَنَحْنُ أَقْرَبُ إِلَيْهِ مِنْ حَبْلِ الْوَرِيدِ . إِذْ یَتَلَقَّى الْمُتَلَقِّيَانِ عَنِ الْیَمِينِ وَعَنِ الشِّمَالِ قَعِيدٌ. مَا یَلْفِظُ مِنْ قَوْلٍ إِلَّا لَدَيْهِ رَقِيبٌ عَتِيدٌ). ق: 16-18

واته‌: سوێند به‌خودا بێگومان ئێمه ئاده‌میزادمان دروست کردووه‌و ده‌زانین چی به دڵ و ده‌روونیدا دێت. ئێمه له شا ڕەگی دڵی لێی نزیکترین.

کاتێک دوو فریشته چاودێره‌که‌ی ئاده‌میزاد که له لای ڕاست و چه‌پیه‌وه دانیشتوون.

هه‌ر قسه‌یه‌کی له ده‌م ده‌رده‌چێت خێرا چاودێرێکی ئاماده، تۆماری ده‌کات.

لە ڕۆژی دواییدا بێ باوەڕان کاتێک په‌رتووکی کرده‌وه‌کانیان ده‌بینن بە سەرسەریانەوه دەڵێن: (وَوُضِعَ الْکِتَابُ فَتَرَى الْمُجْرِمِينَ مُشْفِقِينَ مِمَّا فِیهِ وَیَقُولُونَ یَا وَیْلَتَنَا مَالِ هَٰذَا الْکِتَابِ لَا یُغَادِرُ صَغِيرَةً وَلَا كَبِيرَةً إِلَّا أَحْصَاهَا ۚ وَوَجَدُوا مَا عَمِلُوا حَاضِرًا ۗ وَلَا يَظْلِمُ رَبُّكَ أَحَدًا ) . الكهف : 49

 واته‌: نامه‌ی کرده‌وه‌ی هه‌ر که‌س داده‌نرێت، (ئیمانداران دڵخۆشن) بەڵام تاوانباران ده‌بینیت دڵه له‌رزێ و دڵه ڕاوکێیانه له کار و کرده‌وه‌ی ناپه‌سه‌ندی تۆمار کراویان، بۆیه دەڵێن: هاوار له ئێمه ئه‌م نامه و دۆسیه‌یه چیه؟! هیچ گوناهێکی ورد و درشت به جێ ناهێڵێت بەڵکو هه‌مووی تۆمار کردوه، ئه‌و خەڵکه هه‌رچیان کردووه (به‌ده‌نگ و ره‌نگه‌وه) ئاماده‌یه، بێگومان په‌روه‌ردگار سته‌م له هیچ که‌س ناکات.

 

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (إِنَّ صَاحِبَ الشِّمَالِ لِیَرْفَعُ الْقَلَمَ سِتَّ سَاعَاتٍ عَنِ الْعَبْدِ الْمسْلِمِ الْمخْطِئِ أَوِ المْسِيءِ، فَإِنْ نَدِمَ وَاسْتَغْفَرَ الله مِنْهَا أَلْقَاهَا، وَإِلا کُتِبَتْ وَاحِدَةً). حسنه الشیخ الألبانی فی صحیح الجامع الصغیر

 واتە: فریشتەی دەستە چەپ بۆ ماوەی شەش سەعات -سات- قەڵەم لەسەر ئەو موسڵمانە هەڵدەگرێت کە تاوانێک یان خراپەیەک ئەنجام دەدات، جا ئەگەر پەشیمان بوەوە و داوای لێخۆشبونی لە خودا کرد ئەوە لە سەری ناینوسێت، وە گەرنا بە یەک خراپە دەنوسرێت.

ئه‌م فه‌رمووده‌یه بەڵگە‌یه که هه‌موو که‌سێک دوو فریشته‌ی لەگەڵه یه‌کیان له لای ڕاستیه‌وه کرده‌وه‌ی چاک ده‌نووسێت وه ئه‌وه‌ی تریان له لای چه‌پیه‌تی کرده‌وه‌ی خراپ ده‌نووسێت.

 

 

(19) تاقیکردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان له ‌لایه‌ن فریشته‌کان

هاوەڵی بەڕێز ئه‌بو هوره‌یره - ڕەزای خودای لێبێت – له پێغه‌مبه‌ری خوداوه (ﷺ) بیستویه‌تی که فه‌رمویه‌تی: (سێ پیاو هه‌بوون له به‌نی ئیسرائیلیه‌کان، یه‌کیان بەڵه‌ک بوو، وه یه‌کیان که‌چەڵ بوو، وه یه‌کیان کوێر بوو، خودای په‌روه‌ردگار ویستی تاقیان بکاته‌وه فریشته‌یه‌کی لە سەر شێوه‌ی مرۆڤ بۆ ناردن، فریشته‌که سه‌ره‌تا هاته لای پیاوه بەڵه‌که‌که پێی ووت: چ شتێک به لای تۆوه خۆشه‌ویسترین شته‌؟ وتی: ره‌نگێکی جوان، وه پێستێکی جوان، وه ئه‌م نه‌خۆشیه‌م نه‌مێنێت که خەڵکی به‌هۆیه‌وه بێزم لێ ده‌که‌ن، فریشته‌که ده‌ستێکی به لاشه‌ی داهێنا و ئه‌م نه‌خۆشیه‌ی نه‌ما وه ره‌نگ و پێستێکی جوانیشی پێ به‌خشرا، ئینجا پێی ووت: ئه‌ی چ ماڵێک له لای تۆ خۆشه‌ویسترین ماڵه‌؟ وتی وشتر، وشترێکی دووگیانی پێ به‌خشرا، وه فریشته‌که دوعای بۆکرد و وتی: خودا بۆت به‌ره‌که‌ت داربکات.

پاشان چووه لای پیاوه کەچەڵه‌که‌، پێی ووت چ شتێک لە لای تۆ خۆشه‌ویسترین شته‌؟ وتی: قژێکی جوان، وه ئه‌و کەچەڵیه‌م نه‌مێنێت که خەڵکی به‌هۆیه‌وه بێزم لێ ده‌کات، فریشته‌که ده‌ستێکی پێدا هێنا و قژێکی جوانی پێ به‌خشرا، وه پێی ووت: ئه‌ی چ شتێک له ماڵی دونیا لە لای تۆ خۆشه‌ویسترینه‌؟ ووتی: مانگا، مانگایه‌کی دووگیانی پێ به‌خشرا، وه دوعای بۆکرد و وتی خودا بۆت به‌ره‌که‌ت داربکات و زۆری بکات.

پاشان چووه لای پیاوه نابیناکه ووتی: چ شتێک لە لای تۆ خۆشه‌ویسترین شته؟ ووتی: خودا چاوه‌کانم بۆ بگەڕێنێتەوە و خەڵکی پێ ببینم، فریشته‌که ده‌ستێکی پێداهێنا و خودای په‌روه‌ردگار چاوه‌کانی بۆ گەڕانده‌وه، وه پێی ووت: ئه‌ی چ ماڵێک لە لای تۆ خۆشه‌ویسترین ماڵه؟ ووتی: مەڕ، مه‌ڕێکی به بێچوه‌وه پێ به‌خشرا، وشتر و مانگاکه بێچوویان بوو، وه مه‌ره‌که‌ش بێچووی خۆی لەگەڵ بوو، بۆ پیاوه بەڵەکه‌که دۆڵێک له وشتر په‌یدابوو، وه بۆ پیاوه کەچەڵه‌که دۆڵێک له مانگا په‌یدابوو، وه بۆ پیاوه نابیناکه دۆڵێک له‌مهڕ و ماڵات په‌یدابوو.

پاشان فریشته‌که لە سەر وێنه و شێوه‌ی خۆی هاته‌وه لای پیاوه بەڵەکه‌که، ووتی: من پێاوێکی هه‌ژارم له‌گه‌شته‌که‌م دابڕاوم و توانای گەڕانەوە‌م نیه، هیچ شتێک نیه من بگەڕێنێتەوە شاره‌که‌م ته‌نها خودای په‌روه‌ردگار نه‌بێت وه پاشان تۆ، جا داوات لێ ده‌که‌م بۆ خاتری ئه‌و خودایه‌ی ئه‌و ره‌نگ و پێسته جوانه‌ی پێ به‌خشیویت وه ئه‌و ماڵ و سامانه‌ی پێ به‌خشیویت، ته‌نها یه‌ک وشترم پێ بده بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌شته‌که‌م به‌رده‌وام بم و بگەڕێمەوە شاره‌که‌م، ووتی: ناتوانم مافه‌کان بە سەرمه‌وه گه‌لێک زۆرن، فریشته‌که پێی ووت: ئهڵێی من ده‌تناسم؟! ئه‌ی تۆ نه‌بووی نه‌خۆشی بەڵەکیت لێ بوو خەڵکی بێزیان لێ ده‌کردیتەوە، وه که‌سێکی هه‌ژاربوویت، خودا ئه‌و هه‌موو ماڵ و سامانه‌ی پێ به‌خشیت؟! ووتی: ئه‌و ماڵ و سامانه‌ی هه‌مه گشتی له باو و باپیرانمه‌وه بۆم به‌جێ ماوه! فریشته‌که پێی ووت: ئه‌گه‌ر درۆ بکه‌ی ئه‌وا خودای په‌روه‌ردگار وه‌ک پێشووت لێ بکاته‌وه.

پاشان چووه‌لای پیاوه کەچەڵه‌که لە سەر وێنه و شێوه‌ی خۆی، چی به پیاوه بەڵەکه‌که ووت هه‌مان شتیشی به‌و ووت، ئه‌ویش به‌هه‌مان شێوه‌ی کابرا بهڵەکەکە وەڵامی دایه‌وه، فریشته‌که پێی ووت: ئه‌گه‌ر درۆ بکه‌ی ئه‌وا خودای په‌روه‌ردگار وه‌ک پێشووت لێ بکاته‌وه.

پاشان چووه لای پیاوه نابیناکه لە سەر وێنه و شێوه‌ی خۆی، ووتی: من پیاوێکی هه‌ژارم و ڕێبوارم له‌گه‌شته‌که‌م دابڕاوم و ناتوانم بگەڕێمەوە، بە ڕاستی ئه‌مڕۆ جگه له‌خودا پاشان تۆ که‌س نیه یارمه‌تیم بدات و بمگهڕێنێته‌وه، داوات لێ ده‌که‌م بۆ خاتری ئه‌و خودایه بینایی چاوه‌کانتی بۆ گهڕانده‌وه ته‌نها مهڕێکم پێ بده بۆ ئه‌وه‌ی پێی بگەڕێمەوە شاره‌که‌م؟ پیاوه‌که ووتی: من پیاوێکی نابینابووم خودای په‌روه‌ردگار چاوه‌کانمی بۆ گهڕاندمه‌وه، هه‌رچی ده‌ته‌وێت له‌م ماڵ و سامانه بیبه و ئه‌وه‌ی ناته‌وێت وازی لێبێنه، والله هیچ له سه‌رم گران نیه چه‌ند له‌و ماڵ و سامه‌نه بیبه له پێناو خودا، فریشته‌که ووتی: ماڵه‌که‌ت بۆ خۆت بە ڕاستی ئێوه تاقی کرانه‌وه، خودای په‌روه‌ردگار لە تۆ ڕازی بوو، وه له‌دوو هاوڕێکه‌ت تووره‌بوو). متفقٌ علیه.

 

(20) گیان کێشانی مرۆڤه‌کان لە لایه‌ن فریشته‌کان

خودای په‌روه‌ردگار هه‌ندێک له فریشته‌کانی تایبه‌ت کردووه به‌گیان کێشانی مرۆڤه‌کان.

خودای په‌وره‌ردگار فەرموویەتی: (۞ قُلْ یَتَوَفَّاكُمْ مَلَكُ الْمَوْتِ الَّذِي وُكِّلَ بِکُمْ ثُمَّ إِلَىٰ رَبِّكُمْ تُرْجَعُونَ). السجدة: 11.

 واته: پێیان بڵێ: فریشته‌ی گیان کێشان که کاری گیان کێشانتانی پێ سپێردراوه ده‌تانمرێنێت، له‌مه‌ودووا بۆ لای په‌روه‌ردگارتان دەگەڕێندرێنه‌وه.

وه فریشته‌کانی گیان کێشان گه‌لێک زۆرن وه‌ک خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (وَهُوَ الْقَاهِرُ فَوْقَ عِبَادِهِ ۖ وَیُرْسِلُ عَلَيْكُمْ حَفَظَةً حَتَّىٰ إِذَا جَاءَ أَحَدَكُمُ الْمَوْتُ تَوَفَّتْهُ رُسُلُنَا وَهُمْ لَا يُفَرِّطُونَ ) . الأنعام : 61

 واته: ئه‌و زاته دەسەڵاتداری بێ سنووره بە سەر به‌نده‌کانیدا، چه‌نده‌ها (فریشته‌ی) چاودێر و تۆمارکه‌ر ده‌نێرێت بۆ سه‌رتان هه‌تا ئه‌و کاته‌ی مه‌رگ دێت و یه‌خه به‌که‌سێکتان ده‌گرێت، ئه‌و کاته ئیتر (فریشته) ڕەوانه کراوه‌کانمان گیانی ده‌کێشن و له کاتێکدا ئه‌وان له کارو کرده‌وه‌ی خۆیان که‌مته‌رخه‌می ناکه‌ن.

فریشته‌کان له ڕوخسار و پشتی بێ باوەڕان ده‌ده‌ن له کاتی سه‌ره‌مه‌رگیاندا

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی:  (فَکَيْفَ إِذَا تَوَفَّتْهُمُ الْمَلَائِكَةُ یَضْرِبُونَ وُجُوهَهُمْ وَأَدْبَارَهُمْ). محمد: 27

واته‌: ئاخۆ ده‌بێت حاڵیان چۆن بێت که فریشته‌کان له کاتی گیان کێشانیاندا له روخسار و پشتیان ده‌ده‌ن؟!

فریشته‌کان مژده‌ی به‌هه‌شت به باوەڕدران ده‌ده‌ن له کاتی سه‌ره مه‌رگیاندا

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (إِنَّ الَّذِينَ قَالُوا رَبُّنَا اللَّهُ ثُمَّ اسْتَقَامُوا تَتَنَزَّلُ عَلَيْهِمُ الْمَلَائِكَةُ أَلَّا تَخَافُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَبْشِرُوا بِالْجَنَّةِ الَّتِي کُنْتُمْ تُوعَدُونَ). فصلت: 30

واته: به ڕاستی ئه‌وانه‌ی وتیان خودا په‌روه‌ردگارمانه و له پاشان ڕاست (لە سەر ئایین) به‌رده‌وام بوون، فریشته‌کان پۆل پۆل دێنه لایان (کاتی مردن یان زیندوو بوونه‌وه) (پێیان دەڵێن) که مه‌ترسن و خه‌فه‌ت مه‌خۆن وه مژده‌بێت لێتان ئه‌و به‌هه‌شته‌ی که بەڵێنتان پێ درابوو.

پێغه‌مبه‌ر موسی –علیه السلام – چاوی فریشته‌ی گیان کێشان ده‌ته‌قێنێت

هاوەڵی بەڕێز ئه‌بو هوره‌یره - ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: (پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: فریشته‌ی روح کێشان له سه‌ر شێوه‌ی مرۆڤ هات بۆ لای پێغه‌مبه‌ر موسی (علیه السلام) بۆ ئه‌وه‌ی رۆحی بکێشێت، پێی وت وەڵامی په‌روه‌ردگارت بده‌وه و رۆحت ته‌سلیم بکه، پێغه‌مبه‌ر موسی (علیه السلام) مستێکی له چاوی ملک الموت داو و چاوی ته‌قاند– ئه‌وترێت پێغه‌مبه‌ر موسی (علیه السلام) نه‌یزانی ئه‌مه ملک الموت هه‌ر وایزانی پیاوێکه هاتووه نیازی کوشتنی هه‌یه وه ئه‌وترێت هێشتا بژارده‌ی پێ نه‌درابوو له‌نێوان مانه‌وه له‌دونیا یان مردن، چونکه هه‌موو پێغه‌مبه‌رێک پێش مردنی بژارده‌ی پێدراوه له نێوان مانه‌وه له دونیا یان مردن، ملک الموت گەڕایەوە لای په‌روه‌ردگاری، وتی: ئه‌ی په‌روه‌رگارم  تۆ منت ناردووه بۆ لای که‌سێک نایه‌وێت بمرێت، وه لێیدام و چاوی ته‌قاندم، خودای په‌روه‌ردگار چاوی چاکرده‌وه، وه پێی فه‌رموو بگەڕێوە بۆ لای به‌نده‌که‌م پێی بڵێ: ئایه تۆ ژیانی دونیات ده‌وێت؟ ئه‌گه‌ر ژیانی دونیا ده‌وێت ئه‌وا ده‌ستت بخه‌ره سه‌ر پشتی گایه‌ک چه‌ند موو که‌وته ژێر ده‌ستت ئه‌وه‌نده ساڵه ته‌مه‌نت درێژ ده‌بێت، پێغه‌مبه‌ر موسی (علیه السلام) ئه‌وجاره دڵنیابوو که فریشته‌ی روح کێشانه فه‌رمووی: ئه‌ی دواتر ئه‌ی په‌روه‌ردگارم؟ فه‌رمووی: ده‌مریت، پێغه‌مبه‌ر موسی (علیه السلام) فه‌رمووی: ئێستا بممرێنه ئه‌ی په‌روه‌ردگارم، وه له خاکی پیرۆز نزیکم بکه‌وه به ئه‌ندازه‌ی  ئه‌وه‌ی که‌سێک له‌م شوێنه به‌رد بهاوێت بۆ لای بیت المقدس بگات به ناو بیت المقدسه‌وه). أخرجه البخاری و مسلم.

 

(21) خۆشه‌ویستی فریشته‌کان بۆ باوەڕداران

هاوەڵی بەڕێز ئه‌بو هوره‌یره‌‌ - ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: كاتێك خودای په‌روه‌ردگار به‌نده‌یه‌كی خۆش ویست، بانگی جبریل ده‌كات، بە ڕاستی خودای به‌رز و بڵند فڵانی خۆش ده‌وێت تۆش خۆشت بوێت، جبریل خۆشی ده‌وێت، پاشان جبریل له ‌ئاسمان بانگ ده‌كات و دەڵێت: به ‌ڕاستی خودای په‌روه‌ردگار فڵانی خۆش ده‌وێت ئێوه‌ش خۆشتان بوێت، ئه‌هلی ئاسمان خۆشیان ده‌وێت، پاشان ره‌زامه‌ندی و خۆشه‌ویستی بۆ داده‌نرێت له‌ سه‌ر زه‌ویدا باوەڕدارانیش خۆشیان ده‌وێت.

 وه له ڕیوایه‌تێکی موسلیمدا هاتووه: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: بە ڕاستی کاتێک خودای به‌رز و بڵند به‌نده‌یه‌کی خۆشویست، بانگی جبریل ده‌کات، خودای به‌رز و بڵند فڵانی خۆش ده‌وێت تۆش خۆشت بوێت، جبریل خۆشی ده‌وێت، پاشان جبریل له‌ئاسمان بانگ ده‌کات و دەڵێت: بە ڕاستی خودای په‌روه‌ردگار فڵانی خۆش ده‌وێت ئێوه‌ش خۆشتان بوێت، ئه‌هلی ئاسمان خۆشیان ده‌وێت، پاشان ڕه‌زامه‌ندی و خۆشه‌ویستی بۆ دادەنرێت لە سەر زه‌ویدا باوەڕدارانیش خۆشیان ده‌وێت، وه کاتیک خودای په‌روه‌ردگار ڕقی له ‌به‌نده‌یه‌کی بوو بانگی جبریل ده‌کات، ده‌فه‌رموێت: بە ڕاستی من ڕقم له فڵان که‌سه تۆش ڕقت لێی بێت، جبریل رقی لێی ده‌بێت، پاشان جبریل بانگی ئه‌هلی ئاسمان ده‌کات و دەڵێت: بە ڕاستی خودا ڕقی له فڵانه ئێوه‌ش ڕقتان لێی بێت، پاشان ڕق و کینه‌ی بۆ داده‌نرێت لە سەر زه‌ویدا و باوەڕداران خۆشیان ناوێت.

فریشته‌کان دوعا بۆ باوەڕداڕان ده‌که‌ن و سەڵاواتیان لە سەر ده‌ده‌ن

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (هُوَ الَّذِي یُصَلِّي عَلَيْكُمْ وَمَلَائِكَتُهُ لِیُخْرِجَكُمْ مِنَ الظُّلُمَاتِ إِلَى النُّورِ ۚ وَکَانَ بِالْمُؤْمِنِينَ رَحِيمًا). الأحزاب: 43

 واته: هه‌ر ئه‌و زاته خۆی (صلوات) و ره‌حمه‌تی خۆیتان هه‌میشه و به‌رده‌وام بە سەردا ده‌بارێنێت، هه‌روه‌ها فریشته‌کانیشی (داوای لێخۆشبونتان بۆ ده‌که‌ن) بۆ ئه‌وه‌ی له تاریکستانه‌کان ده‌رتان بکات و ڕزگارتان بکات وه بتانخاته ناو نوورو ڕووناکی، خودا هه‌میشه و به‌رده‌وام بۆ ئیمانداران بە ڕەحم و میهره‌بان و دلۆڤانه.

فریشته‌کان دوعا بۆ زانا و بانگخوازان ده‌که‌ن

هاوەڵی بەڕێز ئه‌بو ئومامه‌ی باهیلی– ڕەزای خودای لێبێت– فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: (فضلُ العالمِ علی العابِدِ، کفَضْلِي علَی أدناکم، إِنَّ اللهَ عزَّ وجلَّ وملائِکتَهُ، و أهلَ السمواتِ والأرضِ، حتی النملةَ فی جُحْرِها، وحتی الحوتَ، ليیصَلُّونَ علی معلِّمِ الناسِ الخیرَ). صحیح الجامع

واته: فه‌زڵی زانا لە سەر عابد، وه‌ک فه‌زڵی منه لە سەر نزمترین پله‌تان، بە ڕاستی خودای په‌روه‌ردگار وه فریشته‌کانی وه ئه‌هلی ئاسمانه‌کان و زه‌وی، هه‌تا مێرووله له ناو کونه‌که‌ی وه نه‌هه‌نگ له ناو ده‌ریا، دوعا ده‌که‌ن بۆ ئه‌و که‌سه‌ی کاری چاک فێری خەڵک ده‌کات.

فریشته‌کان دوعا بۆ ئەو کەسانە ده‌که‌ن که چاوەڕوانی نوێژی به‌کۆمەڵ ده‌که‌ن

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (بە ڕاستی فریشته‌کان دوعا بۆ ئه‌که‌سانه ده‌که‌ن که چاوه‌روانی نوێژی به‌کۆمەڵ ده‌که‌ن ئه‌وه‌نده‌ی له‌شوێنی خۆی دانیشتووه، فریشته‌که دەڵێت: خودایه لێی خۆشبه، خودایه ڕەحمی پێبکه، به‌و مه‌رجه‌ی ده‌ست نوێژی نه‌شکابێت و هیچ هەڵە و تاوانێکی له‌م دانیشتنه نه‌کردبێت). صحیح الترمذی.

فریشته‌کان دوعا بۆ ئه‌و که‌سانه ده‌که‌ن که له ڕیزی پێشه‌وه‌ی نوێژی به‌کۆمەڵن

هاوەڵی بەڕێز  بەڕائی کوڕی عازب - ڕەزای خودایان لێبێت– فەرموویەتی: (کانَ رسولُ اللَّه ﷺ ، یَتخلَّلُ الصَّفَّ مِنْ نَاحِيَةٍ إِلی نَاحِيَةٍ، یَمسَحُ صُدُورَنَا، وَمَناكِبَنَا، ویقولُ: لا تَخْتَلِفُوا فَتَخْتَلِفَ قُلُوبُكُمْ"وكَانَ یَقُولُ: إنَّ اللَّه وَمَلائِكَتَهُ یُصَلُّونَ عَلَى الصُّفُوفِ الأُوَلِ).  رواه أَبُو داود بإِسناد حَسَنٍ

واته‌: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) که‌لێنه‌کانی ڕێزی نوێژی جه‌ماعه‌تی به نوێژ خوێنان پڕ ده‌کرده‌وه هه‌موو ڕیزه‌کانی ڕێک و پێک ده‌کرد، ده‌ستی بە سەر سینگ و شانمان داده‌هێنا، وه ده‌یفه‌رموو: ناکۆک مه‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دڵه‌کانتان ناکۆک نه‌بێت، وه ده‌یفه‌رموو: بە ڕاستی فریشته‌کان سەڵاوات ده‌ده‌ن لە سەر ئەو کەسانەی له ڕیزی یه‌که‌من.

فریشته‌کان دوعا بۆ ئەو کەسانە ده‌که‌ن که‌لێنی ڕیزی نوێژه‌کان پڕ ده‌که‌نه‌وه

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (بە ڕاستی خودای په‌روه‌ردگار وه فریشته‌کانیش سەڵاوات ده‌ده‌ن لە سەر ئەو کەسانەی ڕیزه‌کان ده‌گه‌یه‌نن به یه‌ک و که‌لێنه‌کانی پر ده‌که‌نه‌وه، هه‌ر که‌سێک که‌لێنێکی ڕیزی نوێژی به‌کۆمەڵ پڕبکاته‌وه خودای په‌روه‌ردگار به‌هۆیه‌وه پله‌یه‌ک به‌رزی ده‌کاته‌وه‌). صحیح ابن ماجة

 

(22) فریشته‌کان دوعا ده‌که‌ن بۆ ئەو کەسانەی پارشێو ده‌که‌ن

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (بە ڕاستی فریشته‌کان سەڵاوات ده‌ده‌ن و دوعا ده‌که‌ن بۆ ئەو کەسانەی پارشێو ده‌که‌ن). صحیح الجامع

تێبینی: سەڵاواتی فریشته‌کان بۆ باوەڕداران بریتیه له دوعاکردن و داوای لێخۆشبوون کردن بۆیان.

فریشته‌کان سەڵاوات ده‌ده‌ن لە سەر ئەو کەسانەی سەڵاوات ده‌ده‌ن لە سەر پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ)

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (هه‌ر که‌سێک سەڵاوات لە سەر من بدات ئه‌وا فریشته‌کان سەڵاواتی لە سەر ده‌ده‌ن). صحیح الجامع

فریشته‌کان داوای لێخۆشبوون بۆ ئەو کەسانە ده‌که‌ن که سه‌ردانی نه‌خۆشه‌کان ده‌که‌ن

عه‌لی - ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: گوێم له پێغه‌مبه‌ری خودابوو (ﷺ) ده‌یفه‌رموو: (مَا مِنْ مُسْلِم یَعُودُ مُسْلِماً غُدْوة إِلاَّ صَلَّى عَلَيْهِ سَبْعُونَ ألْفَ مَلَكٍ حَتَّى یُمْسِي، وَإنْ عَادَهُ عَشِيَّةً إِلاَّ صَلَّى عَلَيْهِ سَبْعُونَ ألْفَ ملکٍ حَتَّى یُصْبحَ، وَکَانَ لَهُ خَرِيفٌ فی الْجَنَّةِ). رواه الترمِذِي وقال: حدیث حسن

واته‌: هه‌ر موسڵمانێک لە کاتی به‌یانیدا سه‌ردانی موسڵمانێک بکات حه‌فتا هه‌زار فریشته دوعای بۆ ده‌کات هه‌تا ئێواره‌، وه ئه‌گه‌ر لە کاتی ئێواره سه‌ردانی بکات حه‌فتا هه‌زار فریشته دوعای بۆ ده‌کات هه‌تا به‌یانی، وه بۆی ده‌بێت به بێستانی به‌هه‌شت و لە ڕۆژی دوایی به‌ده‌ستی ده‌هێنێت.

فریشته‌کان ئامین ده‌که‌ن کاتێک موسڵمانێک به ‌نهێنی دوعا بۆ برا موسڵمانه‌که‌ی ده‌کات

ئه‌بو ده‌رداء - ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: (دَعْوةُ المرءِ المُسْلِمِ لأَخیهِ بِظَهْرِ الغَیْبِ مُسْتَجَابةٌ، عِنْد رأْسِهِ ملَکٌ مُوكَّلٌ کلَّمَا دَعَا لأَخِيهِ بخیرٍ قَال المَلَكُ المُوكَّلُ بِهِ: آمِینَ، ولَکَ بمِثْلٍ). رواه مسلم

واته‌: دوعای موسڵمان بۆ براکەی بە نهێنی گیرایە و وەڵامدراوەیە، له ‌لای سه‌ری ئەو کەسه فریشته‌یه‌کی تایبه‌ت به‌مکاره هه‌یه هه‌رکاتێک ئەو کەسه دوعای خێری بۆ براکه‌ی کرد ئه‌م فریشته‌یه دەڵێت ئامین، بۆتۆش بێت به‌وێنه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ براکه‌ت داوای ده‌که‌یت.

 

وه فەرموویەتی: (لاَ تَدْعُوا عَلی أَنْفُسِكُم إِلاَّ بِخَيْرٍ، فإِنَّ المَلائِكَةَ یُؤمِّنُون عَلی مَا تَقُولونَ). رواه مسلم

واته‌: دوعا له خۆتان مه‌که‌ن جگه له دوعای خێر نه‌بێت، چونکه بە ڕاستی فریشته‌کان ئامین لە سەر دوعاکانتان ده‌که‌ن.

 

(23) فریشته‌کان داوای لێخۆشبوون ده‌که‌ن بۆ باوەڕداران

په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (تَکَادُ السَّمَاوَاتُ یَتَفَطَّرْنَ مِنْ فَوْقِهِنَّ ۚ وَالْمَلَائِكَةُ يُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ وَيَسْتَغْفِرُونَ لِمَنْ فِي الْأَرْضِ ۗ أَلَا إِنَّ اللَّهَ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ ) . الشوری : 5

واته‌: نزیکه ئاسمانه‌کان پارچه پارچه ببن، له سه‌رویانه‌وه فریشته‌کان به پاکی یاد و سوپاسی په‌روه‌ردگاریان ده‌که‌ن، وه داوای لێخۆشبوون ده‌که‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی له زه‌وی دان، ئاگاداربن که بێگومان ته‌نها خودا لێبورده‌ی میهره‌بانه.

وه له ئایه‌تێکی تردا له ‌سوره‌تی غافر په‌وره‌دگار باسی ئه‌و فریشتانه‌ی کردووه که عه‌رشی خودای په‌روه‌ردگاریان هەڵگرتووه وه ئه‌وانه‌ش له ‌ده‌وری عه‌رشن داوای لێخشۆبوون بۆ باوەڕداران ده‌که‌ن.

په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (الَّذِينَ یَحْمِلُونَ الْعَرْشَ وَمَنْ حَوْلَهُ یُسَبِّحُونَ بِحَمْدِ رَبِّهِمْ وَیُؤْمِنُونَ بِهِ وَیَسْتَغْفِرُونَ لِلَّذِينَ آمَنُوا رَبَّنَا وَسِعْتَ کُلَّ شَیْءٍ رَحْمَةً وَعِلْمًا فَاغْفِرْ لِلَّذِينَ تَابُوا وَاتَّبَعُوا سَبِيلَكَ وَقِهِمْ عَذَابَ الْجَحِيمِ . رَبَّنَا وَأَدْخِلْهُمْ جَنَّاتِ عَدْنٍ الَّتِي وَعَدْتَهُمْ وَمَنْ صَلَحَ مِنْ آبَائِهِمْ وَأَزْوَاجِهِمْ وَذُرِّيَّاتِهِمْ ۚ إِنَّكَ أَنْتَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ . وَقِهِمُ السَّيِّئَاتِ ۚ وَمَنْ تَقِ السَّيِّئَاتِ يَوْمَئِذٍ فَقَدْ رَحِمْتَهُ ۚ وَذَٰلِكَ هُوَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ ) . غافر : 7-9

واته‌: ئه‌و فریشتانه‌ی هەڵگری عه‌رشن و ئه‌وانه‌ش به‌ده‌وری دان به ستایشی په‌روه‌ردگاریان ته‌سبیحات ده‌که‌ن وه باوەڕیان به‌و هه‌یه وه داوای لێبوردن ده‌که‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی ئیماندارن (دەڵێن): ئه‌ی په‌روه‌ردگارمان میهره‌بانی و زانیاریت هه‌موو شتێکی گرتۆته‌وه ده‌ی خۆش ببه له‌وانه‌ی تۆبه‌یان کردووه و شوێنی ڕێگای تۆ که‌وتوون وه بیانپارێزه له سزای دۆزه‌خ.

ئه‌ی په‌روه‌ردگارمان بییان خه‌ره به‌هه‌شتێکی هه‌میشه‌یی که بەڵێنت پێ دابوون ئه‌و که‌سانه‌ش چاکه‌کار بوون له باو و باپیران و هاوسه‌ران و ڕۆڵه‌کانیان، بە ڕاستی هه‌ر تۆ زاڵی کار دروستی.

وه بیانپارێزه له‌ (تۆڵه‌ی) تاوانه‌کان چونکه هه‌ر که‌سێک له (تۆڵه‌ی) خراپه‌ و تاوان بپارێزی له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌وه بێگومان ره‌حمت پێ کردووه‌، وه هه‌ر ئه‌وه‌یه سه‌رکه‌وتنی زۆر گه‌وره.

 

 

(24) ئاماده‌بوونی فریشته‌کان له مه‌جلیسی زانست و زیکر

هاوەڵی بەڕێز ئه‌بو هوره‌یره وه ئه‌بو سه‌عید - ڕەزای خودایان لێبێت – فه‌رموویانه‌: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: (لا یَقْعُدُ قَوْمٌ یذْکُرُونَ اللَّهَ إِلاَّ حفَّتْهُمُ الملائِکة، وغشِیتهُمُ الرَّحْمةُ ونَزَلَتْ علَیْهِمْ السَّكِينَة، وذکَرَهُم اللَّه فِیمن عِنْدَهُ). رواه مسلم

واته‌: هه‌ر که‌سانێک دابنیشن زیکری خودا بکه‌ن ئیللا فریشته‌کان ده‌وریان ده‌ده‌ن، وه ره‌حمه‌تی خودا دایان ده‌پۆشێت، وه هێمنی و ئارامی بە سەریاندا داده‌به‌زێت، وه خودای په‌روه‌ردگار باسیان ده‌کات لە لای ئه‌و فریشتانه‌ی لە لای ئه‌ون.

وه له‌ فه‌رموودیه‌کی تردا هاتووه پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: بە ڕاستی خودای په‌روه‌ردگار هه‌ندێک فریشته‌ی هه‌ن ده‌خوولێنه‌وه و دەگەڕێن بە دوای مه‌جلیسه‌کانی ئه‌هلی زیکر، کاتێک که‌سانێکیان بینی زیکری خودا ده‌که‌ن، بانگی یه‌کتر ده‌که‌ن و دەڵێن: وه‌رن بۆ پێویستیه‌کانتان، ده‌وره‌یان ده‌ده‌ن به باڵه‌کانیان هه‌تا ئاسمانی دونیا.

په‌روه‌ردگاریان پرسیاریان لێ ده‌کات ـ له کاتێکدا که ئه‌و زاناتره له‌وان به حاڵیان ـ ئایا به‌نده‌کانم چیان ده‌وت؟

فریشته‌کانیش دەڵێن: خودایه تۆیان بە پاک ڕاده‌گرت له که‌م و کوڕی و تۆیان به گه‌وره داده‌نا و سوپاس و ستایشی تۆیان ده‌کرد و تۆیان به‌رز ڕاده‌گرت.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئایا منیان بینیووە‌؟

فریشته‌کانیش دەڵێن: نه‌خێر، سوێند به خودا ئه‌ی په‌روه‌ردگار تۆیان نەبینیووەوە.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئایا چۆن ده‌بوو ئه‌گه‌ر منیان ببینایه‌؟

فریشته‌کانیش دەڵێن: ئه‌گه‌ر تۆیان ببینایه ئه‌وا زیاتر تۆیان ده‌په‌رست و زیاتر تۆیان به‌رز ڕاده‌گرت و زیاتر تۆیان بە پاک ڕاده‌گرت له که‌م و کوڕی.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئایا داوای چیان ده‌کرد؟

فریشته‌کانیش دەڵێن: داوای به‌هه‌شت ده‌که‌ن.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئایا به‌هه‌شتیان بینیووه‌؟

فریشته‌کانیش دەڵێن: نه‌خێر، سوێند به خودا ئه‌ی په‌روه‌ردگار به‌هه‌شتیان نەبینیووەوە.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئایا چۆن ده‌بوو ئه‌گه‌ر به‌هه‌شتیان ببینایه‌؟

فریشته‌کانیش دەڵێن: ئه‌گه‌ر به‌هه‌شتیان ببینایه ئه‌وا زیاتر سور ده‌بــوون لە سەر به‌ده‌ست خستنی و زیاتر به دوایدا دەگەڕان و زیاتــر حه‌زیان لێده‌کرد.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئایا په‌نایان له چی ده‌گرت؟

فريشته‌كانيش دەڵێن : په‌نايان ده‌گرت له‌ ئاگرى دۆزه‌خ .

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئایا ئاگری دۆزه‌خیان بینیووە‌؟

فریشته‌کانیش دەڵێن: نه‌خێر سوێند به خودا ئه‌ی په‌روه‌ردگار ئاگری دۆزه‌خیان نەبینیووە.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئایا چۆن ده‌بوو ئه‌گه‌ر ئاگری دۆزه‌خیان ببینایه‌؟

فریشته‌کانیش دەڵێن: ئه‌گه‌ر ئاگری دۆزه‌خیان ببینایه ئه‌وا زیاتر ڕایان لێده‌کرد و خۆیان لـێ دوور ده‌خسته‌وه و زیاتر لێی ده‌ترسان.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئێوه ده‌که‌م به شایه‌ت لە سەر ئه‌وه‌ی که من لێیان خۆش بووم.

فریشته‌یه‌ک له فریشته‌کان دەڵێت: فڵانه که‌سیان تێدایه له‌و که‌سانه نییه که‌وا زیکریان ده‌کرد بەڵکو بۆ کارێکی پێویست هاتبوو.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئه‌وانه‌ی مه‌جلیسی زیکر ده‌گێڕن که‌سانێکن ئه‌و که‌سه‌ی لەگەڵیاندا دابنیشێت به‌دبه‌خت نابێت). متفق علیه

وه له ڕیوایەتێکی موسلیمدا هاتووه له ئه‌بو هوره‌یره‌وه - ڕەزای خودای لێبێت – له پێغه‌مبه‌ری خوداوه (ﷺ) فەرموویەتی: بە ڕاستی خودای په‌روه‌ردگار چه‌ند فریشته‌یه‌کی هه‌ن لە سەر زه‌وی ده‌سووڕێنه‌وه بە دوای مه‌جلیسه‌کانی زیکر دەگەڕێن، کاتێک مه‌جلیسێکیان بینی زیکری تیادا ده‌کرێت، لەگەڵیان داده‌نیشن، وه به باڵه‌کانیان ده‌وری یه‌کتر ده‌ده‌ن هه‌تا نێوان ئه‌وان و ئاسمان پرده‌که‌ن، کاتێک خەڵکه‌که بڵاوه‌یان کرد ئه‌ونیش به‌رز ده‌بنه‌وه به‌ره‌و ئاسمان.

په‌روه‌ردگاریان پرسیاریان لێ ده‌کات ـ له کاتێکدا که ئه‌و زاناتره له‌وان به حاڵیان ـ ئایا به‌نده‌کانم چیان ده‌وت؟

فریشته‌کانیش دەڵێن: خودایه تۆیان پاک ڕاده‌گرت له که‌م و کوڕی و تۆیان به گه‌وره داده‌نا و سوپاس و ستایشی تۆیان ده‌کرد و تۆیان به‌رز ڕاده‌گرت و داوایان لە تۆ هه‌بوو.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئایا داوای چیان ده‌کرد؟

فریشته‌کانیش دەڵێن: داوای به‌هه‌شت ده‌که‌ن.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئایا به‌هه‌شتیان بینیووە‌؟

فریشته‌کانیش دەڵێن: نه‌خێر سوێند به خودا ئه‌ی په‌روه‌ردگار به‌هه‌شتیان نەبینیووە.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت: ئایا چۆن ده‌بوو ئه‌گه‌ر به‌هه‌شتیان ببینایه‌؟

فریشته‌کان دەڵێن: وه په‌نایان به‌تۆ ده‌گرت.

خودای گه‌وره ده‌فه‌رموێت له‌چی په‌نایان به‌من ده‌گرت؟

دەڵێن: له ئاگری دۆزه‌خ.

خودای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت: ئایا ئاگری منیان بینیووە‌؟

دەڵێن: نه‌خێر .

ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئاگری منیان بینیبوایه.

فریشته‌کان دەڵێن: وه داوای لێخۆشبوونیان لە تۆ ده‌کرد، خودای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت: ئه‌وه لێیان خۆش بووم، وه پێیان ده‌به‌خشم ئه‌وه‌ی داوام لێ ده‌که‌ن، وه ده‌یانپارێزم له‌وه‌ی په‌نام پێده‌ده‌ن، فریشته‌کان دەڵێن: ئه‌ی په‌وه‌ردگارمان له‌ناو ئەو کەسانەدا پیاوێکی گوناهبار هه‌یه ته‌نها به‌وێدا تێپهڕیوه و لەگەڵیان دانیشتووه‌، خودای په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێت: له‌ویش خۆش بووم، ئه‌وانه‌ی مه‌جلیسی زیکر ده‌گێڕن که‌سانێکن ئه‌و که‌سه‌ی لەگەڵیاندا دابنیشێت به‌دبه‌خت نابێت .

 

(25) فریشته‌کان ناوی ئەو کەسانە تۆمار ده‌که‌ن که دێن بۆ نوێژی هه‌ینی

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (إِذَا کَانَ یَوْمُ الْجُمُعَةِ کَانَ عَلَى کُلِّ بَابٍ مِنْ أَبْوَابِ الْمَسْجِدِ مَلَائِكَةٌ یَکْتُبُونَ الْأَوَّلَ فَالْأَوَّلَ، فَإِذَا جَلَسَ الْإِمَامُ طَوَوُا الصُّحُفَ، وَجَاءُوا یَسْتَمِعُونَ الذِّكْرَ. وَمَثَلُ الْمُهَجِّرِ کَمَثَلِ الَّذِي یُهْدِي الْبَدَنَةَ، ثُمَّ کَالَّذِي یُهْدِي بَقَرَةً، ثُمَّ کَالَّذِي یُهْدِي الْکَبْشَ، ثُمَّ کَالَّذِي یُهْدِي الدَّجَاجَةَ، ثُمَّ کَالَّذِي یُهْدِي الْبَيْضَةَ). صحیح البخاری

واته‌: ئه‌گه‌ر ڕۆژی هەینی بوو، لە سەر هه‌ر ده‌رگایه‌ک له‌ ده‌رگاکانی مزگه‌وت فریشته ده‌وه‌ستن و ناوی ئەو کەسانە ده‌نووسن که‌ یه‌ک له ‌دوای یه‌ک له ‌پێش خەڵکیه‌وه دێن بۆ مزگه‌وت، کاتێ ئیمام دێت و داده‌نیشێت تۆماره‌کانیان ده‌پێچنه‌وه، دێن گوێ له ‌زیکره‌کان ده‌گرن، نموونه‌ی ئەو کەسه‌ی زوو دێت بۆ مزگه‌وت وه‌ک که‌سێک وایه که وشترێکی کردبێت به ‌خێر، پاش ئه‌و وه‌ک که‌سێک وایه مانگایه‌کی کردبێت به‌خێر، پاش ئه‌ویش وه‌ک که‌سێک وایه مه‌رێکی کردبێت به‌خێر، پاش ئه‌ویش وه‌ک که‌سێک وایه مریشکێکی کردبێت به‌ خێر، پاش ئه‌ویش وه‌ک که‌سێک وایه هێلکه‌یه‌کی کردبێت به‌ خێر.

هاتنی فریشته‌کان به‌نۆره له‌شه‌و و ڕۆژدا

ئه‌بو هوره‌یره - ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: (یَتَعَاقَبُونَ فِیکم مَلائِكَةٌ بِاللَّيْلِ، وملائِکَةٌ بِالنَّهَارِ، وَیجْتَمِعُونَ فی صَلاةِ الصُّبْحِ وصلاةِ العصْرِ، ثُمَّ یعْرُجُ الَّذِينَ باتُوا فِیکم، فیسْأَلُهُمُ اللَّه وهُو أَعْلمُ بهِمْ: کَیفَ تَرَكتمْ عِبادِي؟ فَیقُولُونَ: تَرکنَاهُمْ وهُمْ یُصَلُّونَ، وأَتیناهُمْ وهُمْ یُصلُّون). متفقٌ عَلَيْهِ

واته‌: فریشته‌کان بە دوای یه‌کدا دێن بۆ لای ئێوه‌، هه‌ندێکیان به‌شه‌و دێن، وه هه‌ندێکیان بە ڕۆژ، له نوێژی به‌یانی و ئێواره کۆده‌بنه‌وه‌، پاشان ئه‌وانه‌ی به‌ شه‌و لە لای ئێوه بوون به‌رز ده‌بنه‌وه به‌ره و ئاسمان، خودای په‌روه‌ردگار پرسیاری حاڵی به‌نده‌کانی لێیان ده‌کات وه بێگومان په‌روه‌ردگار زۆر له‌وان زاناتر و ئاگادارتره به‌ حاڵی به‌نده‌کانی: پێیان ده‌فه‌رموێت: به‌نده‌کانی منتان له سه‌ر  چ حاڵه‌تێک جێهێشت؟ دەڵێن: کاتێک لە لای ئه‌وان ڕۆییشتین نوێژیان ده‌کرد، وه کاتێک چووین بۆ لایان نوێژیان ده‌کرد.

 

دابه‌زینی فریشته‌کان بۆ لای قورئان خوێنه‌کان

هاوەڵی به‌رێز ئه‌بو سه‌عیدی خودری (ڕەزای خودای لێبێت) فەرموویەتی:  (شه‌وێکیان ئوسه‌یدی کوری حوضه‌یر (ڕەزای خودای لێبێت) له‌ ماڵه‌وه له ‌شوێنی وشک کردنەوەی خورما قورئانی ده‌خوێند، له ‌ناکاو بینی ئه‌سپه‌که‌ی ڕاده‌چڵه‌کێت و هه‌وڵی راکردن ده‌دات، سێجار لە کاتی خوێندنه‌وه‌که‌ی هه‌ستی به‌م حاڵه‌ته کرد، ترسا له‌وه‌ی ئه‌سپه‌که‌ی زیان به یه‌حیای کوڕی بگه‌یه‌نێت، بۆیه کاتێک هەڵدەستێت و ده‌چێت بۆ لای ده‌بینێت هه‌ورێک لە سەر سه‌ریه‌تی، تیایدا چه‌ند روناکییه‌ک هه‌یه وه‌ک چرا، پاشان به‌رز ده‌بنه‌وه به‌ره‌و ئاسمان هه‌تا ون ده‌بن، به‌یانی ده‌چێت بۆ لای پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) ئه‌م رووداوه‌ی بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌، پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) پێی ده‌فه‌رموێت: ئه‌م رووناکیانه چه‌ند فریشته‌یه‌ک بوون هاتوون بۆ لات گوێیان له خوێندنه‌وه‌ی تۆ گرتووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌رده‌وام بویتایه له خوێندنه‌وه‌ی قورئان ئه‌وا خەڵکی ده‌یانبینی و لێیان شاراوه نه‌ده‌بوون). صحیح البخاری

وه هاوەڵی بەڕێز به‌رائی کوڕی عازب (ڕەزای خودای لێبێت) فەرموویەتی: (پیاوێک سوره‌تی که‌هفی ده‌خوێند، وه له‌ماڵه‌که‌یدا ئاژەڵێک هه‌بوو، ده‌یبینی له‌شوێنی خۆی ده‌جووڵا و رای ده‌کرد، کاتێک سه‌ری به‌رز کرده‌وه بینی هه‌ورێک دایپۆشیوه‌، کاتێک بۆ پێغه‌مبه‌ری خودای گێڕایه‌وه (ﷺ)، فه‌رمووی: ئه‌وه هێمنی و ئارامی بووه دابه‌زیوه لە کاتی خوێندنه‌وه‌ی قورئان). صحیح مسلم

 

(26) به‌شداری کردنی فریشته‌کان لەگەڵ باوەڕداران له‌جه‌نگ و جیهاددا

خودای په‌روه‌ردگار له ‌جه‌نگی به‌دردا فریشته‌ی زۆری نارد بۆ ئه‌وه‌ی لەگەڵ باوەڕدران به‌شداری جه‌نگه‌که بکه‌ن و یارمه‌تی باوەڕدران بده‌ن.

په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (إِذْ تَسْتَغِيثُونَ رَبَّكُمْ فَاسْتَجَابَ لَکُمْ أَنِّي مُمِدُّكُمْ بِأَلْفٍ مِنَ الْمَلَائِكَةِ مُرْدِفِينَ). الأنفال: 9

واته‌: بیر بکه‌نه‌وه کاتێک له جەنگی‌ (به‌در) دا  هاناتان بۆ په‌روه‌ردگارتان ده‌برد، خوداش هات به هاناتانه‌وه و فه‌رمووی من ده‌نێرم بۆ یارمه‌تیان هه‌زار فریشته به دوای یه‌کدا.

وه له ‌سوره‌تی ئالی عیمران فەرموویەتی: (وَلَقَدْ نَصَرَكُمُ اللَّهُ بِبَدْرٍ وَأَنْتُمْ أَذِلَّةٌ ۖ فَاتَّقُوا اللَّهَ لَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ . إِذْ تَقُولُ لِلْمُؤْمِنِينَ أَلَنْ يَكْفِيَكُمْ أَنْ يُمِدَّكُمْ رَبُّكُمْ بِثَلَاثَةِ آلَافٍ مِنَ الْمَلَائِكَةِ مُنْزَلِينَ . بَلَىٰ ۚ إِنْ تَصْبِرُوا وَتَتَّقُوا وَيَأْتُوكُمْ مِنْ فَوْرِهِمْ هَٰذَا يُمْدِدْكُمْ رَبُّكُمْ بِخَمْسَةِ آلَافٍ مِنَ الْمَلَائِكَةِ مُسَوِّمِينَ ) . آل عمران : 123-125 .

واته‌: سوێند به خودا بێگومان خودا ئێوه‌ی سه‌رخست له (جه‌نگی به‌در) دا له کاتێکدا ئێوه که‌م و لاواز بوون، ده‌ی له خودا بترسن بەڵکو سوپاس گوزاری بن.

بیریان بخه‌ره‌وه ئه‌و کاته‌ی ده‌ت ووت به بڕواداره‌کان ئایا به‌ستان نییه په‌روه‌ردگارتان کۆمه‌کتان بکات به سێ هه‌زار له فریشته دابه‌زێنراوه‌کان.

بەڵێ ئه‌گه‌ر خۆڕاگر بن و پارێزکار بن هه‌ر ئێستا دێن بۆ لاتان و په‌روه‌ردگارتان پێنج هه‌زار فریشته‌ی نیشانه‌دارتان بۆ ره‌وانه ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌کیتان بکه‌ن.

وه ده‌رباره‌ی به‌شداری کردنی فریشته‌کان له‌جه‌نگی خه‌نده‌ق فەرموویەتی: (یَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْکُرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ إِذْ جَاءَتْكُمْ جُنُودٌ فَأَرْسَلْنَا عَلَيْهِمْ رِيحًا وَجُنُودًا لَمْ تَرَوْهَا ۚ وَكَانَ اللَّهُ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرًا ) . الاحزاب : 9

واته‌: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوەڕتان هێناوه یادی نیعمه‌تی خودا بکه‌نه‌وه لە سەرتان، کاتێک سه‌ربازانی کوفر هاتنه سه‌رتان، ئێمه‌ش بایه‌کی به‌هێز و سه‌ربازانێکمان نارده ‌سه‌ریان که نه‌تانده‌بینین، خودای په‌روه‌ردگار به‌رده‌وام بینایه به‌و کار و کرده‌وانه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

 

وه لە فەرموودە‌ی صحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتووه که جبریل –علیه السلام- له ‌دوای ڕاکردن و گه‌رانه‌وه‌ی موشریکه‌کان له جه‌نگی خه‌یبه‌ر دێته خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) پێی ده‌فه‌رموێت: ئه‌ی موحه‌مه‌د (ﷺ) ئه‌وه چه‌که‌که‌ت داناوه‌؟ ئه‌ویش ده‌فه‌رموێت: بەڵێ، جبریل –علیه السلام- دەڵێت: بەڵام ئێمه هێشتا چه‌که‌کانمان دانه‌ناوه‌، برۆ بۆ لای ئه‌وانه هێرش بکه‌ره سه‌ریان، ئاماژه‌ی بۆ لای هۆزی به‌نی قوره‌یزه‌ی جووله‌که کرد، ئه‌و جوله‌کانه‌ی ناپاکیان کرد و په‌یمانیان شکاند و ده‌ستیان لەگەڵ موشریکه‌کان تێکەڵ کرد بۆ له‌ناو بردنی موسڵمانان!

 

(27) فریشته‌کان پاسه‌وانیان له پێغه‌مبه‌ری خودا ده‌کرد (ﷺ)

هاوەڵی به‌رێز ئه‌بو هوره‌یره -ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: (ئه‌بو جه‌هل به موشریکه‌کانی وت: موحه‌مه‌د له ‌به‌رده‌م ئێوه سوجده ده‌بات و نوێژ ده‌کات؟! وتیان: بەڵێ، وتی: سوێند به ‌لات و عوززا، ئه‌گه‌ر بیبینم ئه‌و کاره بکات قاچم ده‌نێم لە سەر ملی، یان روخساری ده‌خه‌مه ناو خۆڵ!

کاتێک پێغه‌مبه‌ری خودا هات  (ﷺ) بۆ نوێژکردن، ئه‌بو جه‌هل ویستی له پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) نزیک بێته‌وه بەڵام ڕاسته‌وخۆ به‌رهو دواوه گەڕایەوە و به‌ده‌سته‌کانی به‌رگری له ‌خۆی ده‌کرد!

 پێیان وت: ئه‌وه‌ چیته‌؟!

 وتی: له ‌نێوان من و له ‌نێوان ئه‌و دۆڵێک هه‌یه له ‌ئاگر! وه چه‌ند باڵێک و چه‌ند شتێکی سامناک هه‌یه‌!

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: ئه‌گه‌ر لێم نزیک بوبایه‌وه فریشته‌کان پارچه پارچه‌یان ده‌کرد!). صحیح مسلم

ئاماده‌بوونی فریشته‌کان لە کاتی ناشتنی ته‌رمی باوەڕداران

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) لە کاتی مردنی سه‌عدی کوڕی موعاذ – ڕەزای خودای لێبێت - فه‌رمووی: ئه‌وه ئەو کەسه‌یه عه‌رشی په‌روه‌ردگار بۆی هاته له‌رزین، وه ده‌رگاکانی ئاسمانی بۆ کرایه‌وه‌، وه حه‌فتا هه‌زار فریشته ئاماده‌ی ناشتنی بوون). صحیح النسائی

فریشته‌کان به باڵه‌کانیان سێبه‌ر له‌ که‌سی شه‌هید ده‌که‌ن

هاوەڵی بەڕێز جابر – ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: (کاتێک ته‌رمی باوکی منیان هێنا بۆ لای پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) له‌ به‌رده‌م پێغه‌مبه‌ری خودایان دانا (ﷺ)، موشریکه‌کان لاشه‌ی باوکمیان شێواندبوو، چووم سه‌یری روخساری باوکم بکه‌م، بەڵام که‌س و کاره‌که‌م نه‌یانهێشت، پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) ده‌نگی گریانی ئافره‌تێکی بیست، فه‌رمووی: بۆچی ده‌گری یان مه‌گری، فریشته‌کان به‌رده‌وام به باڵه‌کانیان سێبه‌ری لێ ده‌که‌ن). صحیح البخاری

 

 

(28) فریشته‌کان سندوقی که‌لوپه‌لی بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر موسا و هارونیان هێنا بۆ به‌نی ئیسرائیلیه‌کان

خودای په‌روه‌ردگار فەرموویەتی: (وَقَالَ لَهُمْ نَبِيُّهُمْ إِنَّ آیَةَ مُلْكِهِ أَنْ يَأْتِيَكُمُ التَّابُوتُ فِيهِ سَكِينَةٌ مِنْ رَبِّكُمْ وَبَقِيَّةٌ مِمَّا تَرَكَ آلُ مُوسَىٰ وَآلُ هَارُونَ تَحْمِلُهُ الْمَلَائِكَةُ ۚ إِنَّ فِي ذَٰلِكَ لَآيَةً لَكُمْ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ ) . البقرة : 248 .

 واته‌: ئه‌وسا پێغه‌مبه‌ره‌که‌یان پێی وتن: بە ڕاستی نیشانه‌ی پاشایه‌تی طالوط ئه‌وه‌یه: سندووقه‌که‌تان بۆ دێته‌وه ‌و، ئاسووده‌یی و ئارامی تێدایه له لایه‌ن په‌روه‌ردگارتانه‌وه‌یه، هه‌روه‌ها هه‌ندێک پاشماوه‌ی به ‌نرخ و که‌له‌پوری تێدایه له‌وه‌ی که بنه‌ماڵه‌ی موسا و بنه‌ماڵه‌ی هاروون به‌جێیان هێشتووه‌ و له‌کاتێکدا که فریشته هەڵیدە‌گرن و ده‌یهێننه‌وه بۆتان، بە ڕاستی له‌وه‌دا بەڵگە ‌و نیشانه‌ی ته‌واو هه‌یه بۆتان ئه‌گه‌ر باوەڕدارن.

فریشته‌کان پاسه‌وانی له‌شاری مه‌ککه و مه‌دینه ده‌که‌ن لە کاتی هاتنی ده‌ججال

کاتێک ده‌ججال دێت ده‌چێته هه‌مووشارێک ته‌نها شاری مه‌ککه و مه‌دینه نه‌بێت لەگەڵ مزگه‌وتی ئه‌قصا  مزگه‌وتی توور.

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (لیسَ مِن بَلَدٍ إلَّا سَیَطَؤُهُ الدَّجَّالُ، إلَّا مَكَّةَ والمَدِينَةَ، لیسَ له مِن نِقَابِهَا نَقْبٌ إلَّا علیه المَلَائِكَةُ صَافِّينَ یَحْرُسُونَهَا، ثُمَّ تَرْجُفُ المَدِينَةُ بأَهْلِهَا ثَلَاثَ رَجَفَاتٍ، فيیخْرِجُ اللَّهُ کُلَّ کَافِرٍ ومُنَافِقٍ). متفق علیه

واته‌: هیچ شارێک نیه ئیللا ده‌جال ده‌چێته ناویه‌وه ته‌نها مه‌ککه و مه‌دینه نه‌بێت، له ‌هه‌موو که‌لێن و ڕێگاکانی فریشته‌کان ڕیزیان به‌ستووه پاسه‌وانی ده‌که‌ن، پاشان شاری مه‌دینه سێ جار دێته له‌رزین هه‌موو که‌سێکی کافر و مونافیق تیایدا ده‌چێته ده‌ره‌وە.

وه فەرموویەتی: (عَلَى أَنْقَابِ الْمَدِينَةِ مَلَائِكَةٌ، لَا یَدْخُلُهَا الطَّاعُونُ وَلَا الدَّجَّالُ) .

متفق علیه

 واته‌: لە سەر ده‌روازه‌کانی شاری مه‌دینه چه‌ند فریشته‌یه‌ک پاسه‌وانن، تاعون و ده‌ججال تیایدا ناچێته ژووره‌وه‌. 

 

(29) دابه‌زینی پێغه‌مبه‌ر عیسی –علیه السلام – به‌ هاوەڵێتی دوو له‌فریشته‌کان

لە ڕۆژی دواییدا ئەو کاته‌ی ده‌جال ده‌گات به ‌فه‌له‌ستین، پێغه‌مبه‌ر عیسی –علیه السلام – له ئاسمان داده‌به‌زێت و هه‌ردوو ده‌ستی لە سەر باڵی دوو فریشته‌یه‌، ئینجا بە دوای ده‌جالدا دەگەڕێت هه‌تا پێی ده‌گات و ده‌یکوژێت.

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (فبینَما هو کذلک إذ بَعَثَ الله الْمَسيحَ ابنَ مَریَمَ، فیَنزِلُ عِندَ الْمَنارةِ البَیضاءِ شَرقيَّ دِمشْقَ، بینَ مَهرودَتينِ، واضِعًا کفَّيه علی أجنِحةِ مَلَكينِ، إذا طَأطَأ رَأسَه قَطرَ، وإذا رَفَعَه تَحدَّرَ مِنه جُمانٌ کاللُّؤْلُؤِ، فلا یَحِلُّ لکافِرٍ یَجِدُ ریحَ نَفَسِه إلَّا مات، ونَفَسُه یَنتَهي حَیثُ یَنتَهي طَرْفُه، فیَطلُبُه حَتَّى یُدرِكَه ببابِ لُدٍّ، فیَقتُلُه) . صحیح مسلم

واته‌: ئەو کاته‌ی باوەڕداران لەگەڵ موحه‌مه‌دی مه‌هدیدان، خودای په‌وره‌ردگار مه‌سیحی کوڕی مه‌ریه‌م ده‌نێرت، له‌رۆژهەڵاتی دیمه‌شق داده‌به‌زێت لە لای مناره سپیه‌که‌، دوو پۆشاکی زه‌ردی له‌ به‌ره‌، وه هه‌ردوو ده‌ستی داناوه لە سەر باڵی دوو فریشته‌، کاتێک سه‌ری نزم ده‌کات دڵۆپ دڵۆپ ئاوی لێ ده‌تکێت –وه‌ک ئه‌وه وایه تازه له‌ حه‌مام هاتبێته ده‌ره‌وه - وه کاتێک سه‌ری به‌رز ده‌کاته‌وه ئه‌م دلۆپه ئاوانه وه‌ک مرواری ده‌دره‌وشێنه‌وه‌، هه‌ر بێ باوەڕێک نه‌فه‌سی ئه‌وی پێ بگات راسته‌وخۆ ده‌مرێت، وه نه‌فه‌سه‌که‌ی به‌ئه‌ندازه‌ی بینینی رێ ده‌کات، بە دوای ده‌جال دەگەڕێت هه‌تا له (بابو لود[1]) پێی ده‌گات و ده‌یکوژێت.

پاداشتی هاوکاتبوونی ئامینی نوێژخوێن لەگەڵ ئامینی فریشته‌کان

هاوەڵێ به‌رێز ئه‌بو هوره‌یره‌وه - ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: (إذَا أَمَّنَ الْإِمَامُ فَأَمِّنُوا، فَإِنَّهُ مَنْ وَافَقَ تَأْمِينُهُ تَأْمِينَ الْمَلَائِكَةِ: غُفِرَ لَهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِهِ). متفق علیه

واته‌: کاتێک ئیمام وتی ئامین ئێوه‌ش بڵێن ئامین، چونکه هه‌ر که‌سێک ئامینه‌که‌ی لەگەڵ ئامینی فریشته‌کاندا یه‌ک بگرێت ئه‌وا خودا له تاوانه‌کانی ڕابردووی خۆش ده‌بێت.

وه فەرموویەتی: (إِذَا قَالَ أَحَدُكُمْ آمِینَ وَقَالَتْ الْمَلَائِكَةُ فِی السَّمَاءِ آمِینَ فَوَافَقَتْ إِحْدَاهُمَا الْأُخْرَى غُفِرَ لَهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِهِ). رواه البخاری

 

واتە : ئەگەر  یەکێک لە ئێوە وتی ئامین-لەکاتی نوێژدا- وە فریشتەکانیش ئامین دەکەن، جا ئەگەر ئامینەکە هاوتای ئامینی فریشتەکان بێت ئەوا خودای گەورە لە گوناهەکانی پێشووی خۆش دەبێت .

 

 

(30) فریشته‌ی ره‌حمه‌ت ناچن بۆ هه‌ندێک شوێن و هه‌ندێک ماڵ

-یه‌کێک له‌و ماڵانه‌ی فریشته‌کان ناچنه ژووره‌وه بریتیه له‌و ماڵه‌ی سه‌گی تیادابێت یان وێنه‌ی گیانله‌به‌رانی تیادا هەڵواسرابێت:

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: (لاَ تَدْخُلُ المَلاَئِكَةُ بَیْتًا فِیهِ کَلْبٌ وَلاَ صُورَةٌ). رواه البخاری

واتە: فریشتەکان ناچنە ماڵێکەوە کە سەگ یان وێنەی تێدا بێت.

وه جارێکیان فریشته جبریل لە کاتی خۆی نه‌هات بۆ خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) به‌هۆی بوونی بێچوه سه‌گێک له‌ماڵه‌وه‌، جبریل – علیه السلام – به پێغه‌مبه‌ری خودای (ﷺ) ڕاگه‌یاند و فه‌رمووی: ئێمه ناچینه ماڵێک سه‌گ و وێنه‌ی گیانله‌به‌رانی تێدابێت.

وه فەرموویەتی: (لاَ تَدْخُلُ الْمَلاَئِكَةُ بَیْتًا فِیهِ تَمَاثِيلُ أَوْ تَصَاوِيرُ). صحیح مسلم

واته‌: فریشته‌کان ناچنه ماڵێک په‌یکه‌ر و وێنه‌ی رۆح لەبەرانی تێدابێت.

_ وه ماڵێکی تر له‌و ماڵانه‌ی فریشته‌کانی ره‌حمه‌ت ناچنه ژووره‌وه ئه‌و ماڵه‌یه جه‌ره‌س و گۆرانی و مۆسیقای تێدایه:

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (لا تدخلُ الملائکةُ بیتا فیه جَرَسٌ) . إسناده جید

واته‌: فریشته‌کان ناچنه ماڵێکه‌وه جه‌ره‌سی تێدابێت – که بێگومان گۆرانی مۆسیقاش ده‌گرێته‌وه.

_ ماڵێکی تر له‌و ماڵانه‌ی فریشته‌کانی ره‌حمه‌ت ناچنه ژووره‌وه ئه‌و ماڵه‌یه میز له ‌ناو ته‌شت ده‌کرێت و بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر تیادا ده‌هێڵدرێته‌وه:

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (لا یُنقَعُ بولٌ فی طستٍ فی البیتِ فإنَّ الملائِکَةَ لا تدخلُ بیتًا فیهِ بولٌ مُنتَقعٌ، ولا تبولنَّ فی مغتسلِکَ) . إسناده حسن

واته‌: نابێت له ناو ته‌شت میز بهێڵدریته‌وه له‌ ماڵدا چونکه بە ڕاستی فریشته‌کان ناچنه ماڵێک میزی تیادا هێڵدرابێته‌وه‌، وه با له ‌شوێنی خۆشوشتنی میز نه‌کات.

 

 

_ ماڵێکی تر له‌و ماڵانه‌ی فریشته‌کانی ره‌حمه‌ت ناچنه ژووره‌وه ئه‌و ماڵه‌یه پێستی پڵنگی تێدایه:

ئه‌بو هوره‌یره - ڕەزای خودای لێبێت – فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: (لا تصحَبُ الملائِکةُ رُفقةً فیها جِلدُ نَمِرٍ). حسن

واته‌: فریشته‌کان هاوڕێیه‌تی که‌سانێک ناکه‌ن له‌ناویاندا پێستی پڵینگ هه‌بێت.

_ ماڵێکی تر له‌و ماڵانه‌ی فریشته‌کانی ره‌حمه‌ت ناچنه ژووره‌وه ئه‌و ماڵه‌یه بۆنی ناخۆشی لێدێت، چونکه فریشته‌کان دروستکراوانێک پاکن له ‌بۆنی ناخۆش دوور ده‌که‌نه‌وه و پێی ناره‌حه‌ت ده‌بن:

جابری کوڕی عبدالله (ڕەزای خودایان لێبێت) فەرموویەتی: پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فه‌رمووی: (مَنْ أَکَلَ الثُّومَ وَالْبَصَلَ وَالْكُرَّاثَ فَلَا یَقْرَبَنَّ مَسْجِدَنَا. فَإِنَّ الْمَلَائِكَةَ تَتَأَذَّى مِمَّا یَتَأَذَّى مِنْهُ الْإِنْسَانُ) وَفِي رِوَايَةٍ " بَنُو آدَمَ)). رواه مسلم

واته‌: هه‌ر که‌سێک پیاز یاخود سیر و که‌وه‌ری خوارد ئه‌وا با نزیکی مزگه‌وته‌که‌مان نه‌که‌وێته‌وه‌، چونکه فریشته‌کان ناڕه‌حه‌ت ده‌بن به‌وه‌ی که مرۆڤه‌کان پێی ناڕه‌حه‌ت ده‌بن. (وه له ده‌ربرینێکی تردا: به‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئاده‌م پێی ناڕه‌حه‌ت ده‌بێت).

هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (ثلاثةٌ لا تَقْرَبُهم الملائکةُ: الجنُبُ، و السَّكْرانُ، و المتَضَمِّخُ بالخَلوقِ) . إسناده صحیح

واته‌: سێ که‌س فریشته‌کان لێیان نزیک نابنه‌وه‌: که‌سی له‌شگران که بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر به ئه‌نقه‌ست خۆی ناشوات، وه که‌سی بێ هۆش و ئاره‌ق خۆر، وه ئه‌و پیاوه‌ی بۆنی ئافره‌تان له ‌خۆی ده‌دات که له‌ زه‌عفه‌ران دروست ده‌کرێت و ڕه‌نگی زه‌رد و سووری لەگەڵ تێکەڵ ده‌کرێت.

 

(31) نه‌هی کردن له‌ تف کردن ڕووه و قیبله یان به ‌لای راست له‌ناو نوێژدا

پێغه‌مبه‌ری خودا (ﷺ) فەرموویەتی: (کاتێک یه‌کێک له ‌ئێوه هه‌ستا بۆ نوێژکردن، ئه‌وا  با تف فرێنه‌داته به‌رده‌می، چونکه ئه‌و قسه لەگەڵ په‌روه‌ردگاری ده‌کات، وه با تف فڕێنه‌داته لای ڕاستی، چونکه فریشته‌یه‌ک لە لای ڕاستیه‌تی، بەڵکو با فڕێی بداته لای چه‌پی، یان ژێر قاچه‌کانی). صحیح البخاری

خۆشویستنی فریشته‌کان به‌بێ جیاوازی

لە سەر موسڵمان پێویسته هه‌موو فریشته‌کانی خۆش بوێت، چونکه هه‌موویان به‌نده‌ی خودان و فه‌رمانه‌کانی جێ به‌جێ ده‌که‌ن و سه‌رپێچی ناکه‌ن، به‌ لای جووله‌که‌کان هه‌ندێک له ‌فریشته‌کان دۆست و خۆشه‌ویستی ئه‌وانن وه هه‌ندێکیان دوژمنیانن!

به‌ لای ئه‌وان فریشته میکائیل خۆشه‌ویستی ئه‌وانه وه فریشته جبریل دوژمنیانه‌!

خودای په‌روه‌ردگار له قورئانی پیرۆزدا باسی کردوون و وەڵامی داونه‌ته‌وه و فەرموویەتی: (قُلْ مَنْ کَانَ عَدُوًّا لِجِبْرِيلَ فَإِنَّهُ نَزَّلَهُ عَلَىٰ قَلْبِكَ بِإِذْنِ اللَّهِ مُصَدِّقًا لِمَا بَیْنَ یَدَيْهِ وَهُدًى وَبُشْرَىٰ لِلْمُؤْمِنِينَ. مَنْ کَانَ عَدُوًّا لِلَّهِ وَمَلَائِكَتِهِ وَرُسُلِهِ وَجِبْرِيلَ وَمِيكَالَ فَإِنَّ اللَّهَ عَدُوٌّ لِلْكَافِرِينَ). البقرة: 97-98

واته‌: ئه‌ی محمد (ﷺ) پێیان بڵێ : هه‌ر که‌سێک دوژمنی جبریله، (با بزانێت) که هه‌ر ئه‌و جبریله به فه‌رمانی خودا ئه‌و قورئانه‌ی دابه‌زاندوەته سه‌ر دڵت که کتێبه پێشووه‌کان بە ڕاست داده‌نێت و ڕێنموویی (بۆ چاکه) ده‌کات و مژده به‌خشیشه به ئیمانداران.

 ئه‌و که‌سه‌ی دوژمنی خودا و فریشته‌کانی و پێغه‌مبه‌ره‌کانی بێت، به ‌تایبه‌ت جبریل و میکائیل، ئه‌وه با بزانێت و دڵنیا بێت که خودای گه‌وره دوژمنی کافرو بێباوەڕانه.

جووله‌که‌کان رقیان له ‌فریشته جبریل بوو له ‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌حی ده‌هێنا ده‌رباره‌ی جیهاد و تێکۆشان له ‌پێناو خودا، ئه‌وانیش بێگومان حه‌زیان به‌وه‌نیه‌!

 په‌روه‌ردگار باسی کردوون کاتێک پێغه‌مبه‌ر موسی –علیه السلام – فه‌رمانیان پێ ده‌کات جیهاد بکه‌ن و قودس له ‌ده‌ستی بێ باوەڕان ده‌ربهێنن، که‌چی له ‌وەڵامدا دەڵێت: (قَالُوا یَا مُوسَىٰ إِنَّا لَنْ نَدْخُلَهَا أَبَدًا مَا دَامُوا فِیهَا ۖ فَاذْهَبْ أَنْتَ وَرَبُّكَ فَقَاتِلَا إِنَّا هَاهُنَا قَاعِدُونَ). المائدة: 24

واته‌: ئه‌ی موسا دڵنیابه ئێمه هه‌رگیز ناچینه ئه‌و شاره‌وه و ڕووی تێناکه‌ین ماده‌م ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی تێدا بێت، (ئیتر تۆ که‌یفی خۆته حه‌ز ده‌که‌یت) بچۆ خۆت و په‌روه‌ردگارت جه‌نگ بکه‌ن دژیان، ئێمه بە ڕاستی ئا لێره‌دا دانیشتووین!!

 

(32) له‌ناوبردنی بێ باوەڕانی قه‌ومی لوط –علیه السلام -  لە لایه‌ن فریشته‌کان

خودای په‌روه‌ردگار هه‌ندێک فریشته‌ی لە سەر شێوه‌ی چه‌ند گه‌نجێکی جوان نارد بۆ لای پێغه‌مبه‌ر لوط –علیه السلام – پێیانی راگه‌یاند که بێ باوەڕانی گه‌له‌که‌ی له‌ناوده‌بن! به‌هۆی ئه‌و کوفر و گوناه و تاوانه قێزه‌ونانه‌ی ئه‌نجامیان ده‌دا.

خودای په‌وره‌ردگار فەرموویەتی: وَلَمَّا جَاءَتْ رُسُلُنَا لُوطًا سِیءَ بِهِمْ وَضَاقَ بِهِمْ ذَرْعًا وَقَالَ هَٰذَا یَوْمٌ عَصِيبٌ ٧٧

وه کاتێک ئه‌م فریشتانه لە لای ئیبراهیم (علیه السلام) ده‌رچوون و رۆیشتن بۆ لای لوط پێغه‌مبه‌ر (علیه السلام) که چه‌ند فه‌رسه‌خێک لێک دوور بوونه.

 لوط (علیه السلام) پێی ناخۆش بوو که میوانی هات، وه دڵی ته‌نگ بوو له‌به‌ر قه‌ومه‌که‌ی که قه‌ومێکی خراپ بوون

 وه فه‌رمووی: بە ڕاستی ئه‌مه ڕۆژێکی سه‌خته له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زانی که قه‌ومه‌که‌ی دێن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی بکه‌نه سه‌ر میوانه‌کانی.

وَجَاءَهُ قَوْمُهُ یُهْرَعُونَ إِلَيْهِ وَمِن قَبْلُ کَانُوا یَعْمَلُونَ السَّيِّئَاتِ ۚ قَالَ یَا قَوْمِ هَٰؤُلَاءِ بَنَاتِي هُنَّ أَطْهَرُ لَکُمْ ۖ فَاتَّقُوا اللَّهَ وَلَا تُخْزُونِ فِی ضَیْفِي ۖ أَلَيْسَ مِنكُمْ رَجُلٌ رَّشِيدٌ ٧٨

خێزانی لوط پێغه‌مبه‌ر (علیه السلام) کافر بوو رۆیشت قه‌ومه‌که‌ی ئاگادار کرده‌وه له میوانه‌کانیان ئه‌وانیش به په‌له ‌و هه‌روه‌له هاتن بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌ستدرێژی بکه‌نه سه‌ر میوانه‌کانی له ‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌ومێکی به‌دڕەوشت بوون. وه پێشتریش ئه‌مان هه‌ر حاڵیان وابوو که نێربازیان ئه‌کرد

لوطیش (علیه السلام) بۆ ئه‌وه‌ی که دووریان بخاته‌وه وتی: ئه‌ی قه‌ومی خۆم ئه‌وه کچانی منن، واته: کچی هۆز و عه‌شیره‌ته‌که‌ی که ئه‌م وه‌ک باوکیان وایه.

 ئه‌مانه بۆ ئێوه پاکترن به‌حەڵاڵی بیانهێنن و ماره‌یان بکه‌ن. وه ته‌قوای خودای گه‌وره بکه‌ن و له خودا بترسێن، وه سه‌رشۆڕم مه‌که‌ن به‌رامبه‌ر میوانه‌کانم .

ئایا که‌سێکی باشتان تیا نیه که ڕێگریتان لێ بکات له‌م کاره ناشیرینه ‌و ڕێنماییتان بکات بۆ ڕێگای ڕاست؟

 

قَالُوا لَقَدْ عَلِمْتَ مَا لَنَا فِی بَنَاتِكَ مِنْ حَقٍّ وَإِنَّكَ لَتَعْلَمُ مَا نُرِيدُ ٧٩

وتیان: ئه‌ی لوط تۆ ئه‌زانی که ئێمه هیچ کارێکمان به کچانی عه‌شیره‌ت و هۆزه‌که‌ت نیه.

 وه تۆ ئه‌زانی که ئێمه چیمان ده‌وێت ئێمه ده‌مانه‌وێت ده‌ستدرێژی بکه‌ینه سه‌ر میوانه پیاوه‌کانی تۆ.

قَالَ لَوْ أَنَّ لِی بِکُمْ قُوَّةً أَوْ آوِی إِلَىٰ رُکْنٍ شَدِيدٍ ٨٠

 لوط (علیه السلام) فه‌رمووی: ئای خۆزگه ئه‌گه‌ر تواناو هێزم ده‌بوو که ده‌رم بکردنایه‌ و ڕەتتانم بکردایه‌ته‌وه.

 یان په‌نام ببردایه بۆ شوێنێکی زۆر پارێزراو که مه‌به‌ست پێی عه‌شیره‌ته ئه‌گه‌ر عه‌شیره‌ت و هۆزێکم هه‌بوایه که منیان بپاراستایه له ده‌ست ئێوه ئه‌و کاته ئه‌مزانی که چیم لێ ده‌کردن.

قَالُوا یَا لُوطُ إِنَّا رُسُلُ رَبِّكَ لَن یَصِلُوا إِلَيْكَ ۖ فَأَسْرِ بِأَهْلِكَ بِقِطْعٍ مِّنَ اللَّيْلِ وَلَا یَلْتَفِتْ مِنكُمْ أَحَدٌ إِلَّا امْرَأَتَكَ ۖ إِنَّهُ مُصِيبُهَا مَا أَصَابَهُمْ ۚ إِنَّ مَوْعِدَهُمُ الصُّبْحُ ۚ أَلَيْسَ الصُّبْحُ بِقَرِيبٍ ٨١

 ئه‌و کاته فریشته‌کان هاتنه وەڵام وتیان: ئه‌ی لوط (علیه السلام) ئێمه فریشته ‌و نێردراوی خودای گه‌وره‌ین

 ئه‌وان توانای ئه‌وه‌یان نیه بگه‌ن به تۆ و ده‌ستدرێژی بکه‌ن، جبریل ده‌رچووه ده‌ره‌وه‌ و باڵی کێشا به ده‌موچاویاندا و کوێری کردن و گەڕانەوە

ئه‌و موسڵمانانه‌ی لەگەڵتان له‌م دێیەیە به شه‌و ده‌ریان بکه. له به‌شێک له‌ شه‌ودا له کۆتایی شه‌ودا ده‌ریان بکه.

وه کاتێک که ڕۆیشتن که‌س ئاوڕ نه‌داته دواوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خودای گه‌وره ئێمه‌ی بۆ سزای ئه‌و قه‌ومه ناردووه‌ و سزایان ده‌ده‌ین.

 ته‌نها خێزانه‌که‌ت نه‌بێت با ئه‌ویش له ‌ناو کافراندا بمێنێته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌ویش کافر و بێباوەڕ بوو وه هانی قه‌ومه‌که‌ی ده‌داو پێی ئه‌ووتن که میوانمان هاتووه. ئه‌و سزایه‌ی تووشی قه‌ومه‌که‌ت ده‌بێت خێزانه‌که‌یشت ده‌گریته‌وه.

 به دڵنیایی کاتی له‌ناوبردنی ئه‌وان به‌ره‌به‌یانه. بە ڕاستی به‌ره‌به‌یان نزیکه کاتێک ئه‌زانی دێت و سزایان ده‌ده‌ین.

 

فَلَمَّا جَاءَ أَمْرُنَا جَعَلْنَا عَالِيَهَا سَافِلَهَا وَأَمْطَرْنَا عَلَيْهَا حِجَارَةً مِّن سِجِّيلٍ مَّنضُودٍ ٨٢

کاتێک سزای خودای گه‌وره‌یان بۆ هات له خۆرکه‌وتندا

 ئه‌وانه‌ی که به‌رزبوون نزممان کردنه‌وه، واته: ئه‌و دێیه‌یان هەڵکه‌ند و بردیانه ئاسمان و به‌ریاندایه خواره‌وه‌و ژێرو ژووریان کردن.

 وه له بانیشه‌وه به‌رد بارانمان کردن به خشتی سووره‌وه‌کراوی گه‌وره (مَنْضُودٍ)یش واته: یه‌ک له دوای یه‌ک.

مُّسَوَّمَةً عِندَ رَبِّكَ ۖ وَمَا هِيَ مِنَ الظَّالِمِينَ بِبَعِيدٍ ٨٣

] هه‌مووی نیشانکرا بوو لە لایه‌ن خودای گه‌وره‌و ناوی هه‌موویانی پێوه‌بوو، هه‌ربه‌رده‌ و ناوی ئه‌و که‌سه‌ی لە سەر بوو که لێی ده‌دا.

 وه ئه‌م سزایه‌ش له زاڵمان و سته‌مکاران دوور نیه، واته: هه‌ر قه‌ومێک ئه‌م پیشه خراپه ئه‌نجام بده‌ن نزیکه خودای گه‌وره هه‌مان سزایان بداته‌وه، یاخود قه‌ومی لوط دوور نین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له نێوان شام و مه‌دینه‌دان و خەڵکی مه‌ککه خۆتان بە سەریاندا تێ ئه‌پەڕن.

پێشه‌وا ئیبن که‌سیر –ره‌حمه‌تی خودای لێبێت – له ‌ته‌فسیره‌که‌یدا فەرموویەتی: پێشه‌وا موجاهید –ره‌حمه‌تی خودای لێبێت – فەرموویەتی: فریشته جبریل ئه‌م گونده‌ی به ‌خەڵکه‌که‌یه‌وه و به ئاژەڵه‌کانیشیانه‌وه به‌رزی کردنه‌وه به‌ره‌و ئاسمان و هه‌تاوه‌کو ئه‌هلی ئاسمان گوێیان له‌ ده‌نگی وه‌ڕینی سه‌گه‌کانیان بوو، پاشان سه‌ره‌وژووی کردن و وه‌ریگێران بۆ سه‌ر زه‌وی!

 

 

 

 

 

 



[1]بابولود: ناوی گوندێکه له‌گونده‌کانی وڵاتی فەڵه‌ستین.

 

دەربارەی نوسەر

عبدالرحیم عبداللطیف أمین

عبدالرحیم عبداللطیف أمین

دەرچووی بەشی زانستە ئیسلامیەکان/ زانکۆی سلێمانی، خاوەنی دەفتەری تەفسیری قورئان

بابەتی هاوشێوە

فریشتەکان بناسە | کەناڵی ئامۆژگاری